مالکی داوا دەکات تانە لە یاسای لێبوردنی گشتی بدرێت
لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەنوسیدا مالکی وتی "تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی بە شێوازی جیاواز لەوەی کە پێشتر بەشێوەی تەوافوقاتی سیاسی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، مایەی سەرسوڕمانە، بە تایبەت ئەو مادەیەی کە داوای دووبارە دادگاییکردنەوەکان یان لێکۆڵیینەوەکان دەکاتەوە، کە مەترسی زۆرە و چاوەڕواندەکرێت بە خراپ بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت".
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا ناڕۆشتنی هەبووە بەر لە پەسەندکردن و دەنگدان لەسەر یاساکە، کە پێدەچێت رێککەوتنی ژێر بەژێر و ناڕۆشن هەبوبێت بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاساکە، داواشی لە پەرلەمانتاران کردەوە تانە لەیاساکە بدەن، کە ڕێگە دەدات بە دەربازبوونی هەزاران" تیرۆریست" و تاوانبار و فەوتانی خوێنی ئەو کەسانەی کە کوژراون.
ئەو وتانەی نوری مالکی لە کاتێکدایە دوێنێ ٢٥ی ئابی ٢٠١٦ پەرلەمانی عێراق یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند کرد، کە ماوەی چەند ساڵێکە لایەنە سونەکانی عێراق داوای دەکەن، کە گوایە سەدان کەس لەژێر ناوی یاسای تیرۆردا زیندانی کراون.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠١٦ پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دەربڕیبوو، داوای لە پەرلەمان کردبوو پەسەندی بکەن.
