زەواهیری: داعش بیانووی دایە دەست ئێران بۆ لەنێوبردنی سوننەی عێراق
دامەزراوەی رۆژنامەڤانی "سەحاب" تۆمارە دەنگییەکەی ئەیمەن زەواهیری، سەرکردەی رێکخراوی قاعیدەی بڵاوکردووەتەوە و هەروەها کۆمەڵەی فلاشپۆینتی تایبەت بە چاودێریی پێگەی گرووپە جیهادییەکان راستی و دروستی تۆمارە دەنگییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
زەواهیری لە تۆمارە دەنگییەکەدا هێرشدەکاتە سەر ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش و تاوانباری دەکات بە "خوێنڕشتن" و دەڵێت سەرکردەی داعش "بیانووی داوەتە دەست ئێرانی سەفەوی و حکومەتی عێراقی پاشکۆی ئێران تاوەکو سوننە لەناو ببەن".
زەواهیری دەشڵێت "پێویستە گەلی سوننە لە عێراق، تەنیا لەبەر کەوتنی شارەکانیان بە دەستی سوپای سەفەوی شیعی، خۆیان نەدەن بە دەستەوە بەڵکو لەسەریانە خۆیان رێکبخەنەوە و لە شەڕی درێژخایانی مافیاکاندا بەشداربن، تاوەکو بتوانن داگیرکاریی سەفەوییەکان و داگیرکاریی خاچپەرەستە نوێیەکان تووشی شکستبکەن، هەروەک چۆن پێشتریش شکستیان پێهێناون."
سەبارەت بە سووریا، زەواهیری وەک خۆی دەڵێت داوا لە "پاڵەوانەکانی ئیسلام لە موجاهیدینی شام" دەکات کە یارمەتی براکانیان لە عێراق بدەن و ئەوە بزانن کە ئەمە یەک شەڕە و شام درێژکراوەی عێراقە و عێراقیش قووڵایی شامە. جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە پێکەوە رووبەرووی "هاوپەیمانێتی خاچپەرەستەکان و سەفەوییەکان ببنەوە، کە بە لێکتێگەیشتنی ئەمریکی - ئێرانی، ناوچەکە لووش دەدەن".
