ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى: تورکیا و داعش یەکێکن و سوریا پارچە دەکەن

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى: تورکیا و داعش یەکێکن و سوریا پارچە دەکەن
دەستەى سەرۆکایەیەتیى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى ڕایگەیاند، تورکیا و داعش یەکێکن و تورکیا سەروەریى خاکى سوریاى پێشێلکردووە و دەیەوێت سوریا پارچە بکات و داگیرى بکات.

دەستەى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى ئەمڕۆ ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ لەبارەى هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ئێمە بە ناوى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتییەوە دەستێوەردان و پێشێلکاریى تورکیا لە دژى خاکى سوریا کە بە بەرچاوى هەموو جیهانەوە ئەنجامدرا ئیدانە دەکەین و ئەو پێشێلکارییە زەقە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".

لە ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیدا ئەوەش هاتووە "هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان ڕۆڵى شاراوەى تورکیا لە ئاڵۆزییەکانى سوریایدا بە باشى دەزانن. تورکیا پێش ئەوەی شەڕ گەورەتر بێت پشتیوانى و هاوکاریى گروپە تیرۆریستییەکانى دەکرد. هێشتاش درێژە بەو سیاسەتە دەدات لە بەرامبەر گەلى سوریا. هێرش و تۆپبارانکردن و بۆردومانەکانى تورکیا لە دژى هاووڵاتیان بووەتە هۆى شەهید بوونى ٢٩ هاووڵاتى".

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیدا باسى ئەوەش کراوە "ماوەیەکى درێژە توریا دەیەوێت ناوچە سنووریەکانى عفرین، منبج، کۆبانێ و گرێ سپى بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى و بە بەردەوامیشى هێرش دەکاتە سەر هەرێمى جزیرە. تورکیا دەیەوێت زیان بە ئارامی و ئاسایشى ناوچەکە بگەیەنێت. لەبەر ئەوەش ئێمە دەڵێن تورکیا و داعش یەکێکن و لە ڕێگەى داگیرکارییەوە درێژە بە مانەوەى خۆیان دەدەن و بە داگیرکارییە سوریا پارچە دەکەن".

لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەى سوریاى دیموکراتیدا ئاماژە بەەشکراوە "لەبەر ئەوەش ئێمە بانگ لە هێزە وەڵاتپارێز و نیشتمانییەکان دەکەین لە دژى ئەو پیلانگێڕییە کە بە پێشەنگایەتیى حکومەتى ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت هەڵوێست وەربگرن و ئەو داگیرکارییە قبوڵ نەکەن. بانگیش لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەو هێرشە ڕابوەستێنن".

هاوکات حەنیفە حسێن ئەندامى دەستەى بەڕیوەبەریى تەڤدەم لەبارەى هێرشەکەى تورکیاوە ڕایگەیاندبوو، ئامانجى تورکیا جگە لە جرابلۆس، داگیرکردنى عفرین و حەڵەبە.

هەروەها ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤدەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێرشەکەى تورکیا لە دژى سیتسمى فیدڕاڵى دیموکراتیى ڕۆژئاوایە.

پێشهاتەکانى هێرشى تورکیا بۆ سەر جرابلۆسى ڕۆژئاواى کوردستان

هێزە تایبەتەکانى تورکیا ئەمڕۆ ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان. ئەفگان ئالا وەزیرى ناوخۆی تورکیا لە بارەى هۆکارى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواىکوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنى جەرابلوس بۆ پاراستنى سەروەرى سوریایە. ئەفگان ڕاشیگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە".

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی پەیەدە و داعشە لە سوریا. وتیشی "دەمانەوێت سنوورێک دابنێین بۆ ئەو هەڕەشانەى لەسەر سنوورى سوریاوە دەکرێنە سەر تورکیا".

هەر ئەمڕۆ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) ڕایگەیاند، تورکیا هاوشێوەی داعش لە گۆماوی سوریادا دەخنکێت. موسلیم ڕاشیگەیاند "هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس دژی سوپای تورکیا دەوەستنەوە".

دوابەدواى ئەوەش یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستێوەردانى تورکیا لە سوریا دەستدرێژییەکى دوژمنکارانەیە.

لەبەردەوامیى کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس، حکومەتی سوریا ڕایگەیاندووە، تورکیا سەروەری خاکی وڵاتەکەیانی پێشێل کردووە و ئەوەی ئێستا لە جەرابلوس ڕوودەدات تێکشکاندندی تیرۆر نییە، بەڵکو گواستنەوەی تیرۆرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری سوریا.

هاوکات پێشتریش نوسینگەی سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی جەرابلوس بە هاوکاری هاوپەیمانی دژی داعش ئەنجام دەدرێت و بەرپرسێکی ئەمەریکیش بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، کە ئەمەریکا پاڵپشتی ئەو ئۆپراسیۆنە دەکات.

هەر ئەمڕۆ جۆ بایدن جێگرى باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕایگەیاند "دەبێت هێزەکانى سوریاى دیموکراتی بشکێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات، ئەمەریکا شانبەشانى تورکیا کاردەکات بۆ پاککردنەوەى سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ئێوارەى ئەمڕۆ شارى جرابلۆس و نۆ گوند لەلایەن سوپاى تورکیا و سوپاى سوریاى ئازادەوە کۆنتڕۆڵکرا. سوپاى تورکیا بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر و پانایى ١٣ کیلۆمەتر لە خاکى ڕۆژئاواى کوردستانى لە نێوان کانتۆنى عفرین و کۆبانێ کۆنتڕۆڵکرد.

جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان لە سەر سنوورى تورکیا لە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفریدایە و ماوەى دوو ساڵە لە کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە. لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا تورکیا هیچ هێرشێکى لە دژى داعش لە جرابلۆس ئەنجام نەداوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا میدیاکان بڵاویانکردەوە، گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا خۆیان ئامادە کردووە بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس.

ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا لە جەرابلوس بەدەر لەوەی کە بۆ تێکشکانی داعشە لەو شارۆچکەیە، مەبەست لێی وەستانی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، کە یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنێت و تورکیا دەیەوێت بەم ئۆپراسیۆنە ڕێگە لە یەپەگە بگرێت تاوەکو جەرابلوس کۆنتڕۆڵ نەکات.
Top