لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق ناکۆکی لەنێو ماڵی کورد دروستدەكات

 لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق ناکۆکی لەنێو ماڵی کورد دروستدەكات
دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان دروستدەکات، فراکسیۆنی پارتیش لەکۆی پێنج سەرۆک لیژنەی پشکی کورد سەرۆکایەتی سێ‌ لیژنە بە ھەڵبژاردن دەبات.

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە خوولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمانی عێراق ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت.

سەرەڕای رەخنەی لایەنەكانی دیكە، بەڵام سیروان سیرینی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کاندیدەکانی پارتی بە ھەڵبژاردن سەرۆکایەتی لیژنەکانیان وەرگرتووە.

سیرینی گوتیشی "لە دوو ساڵی رابردوو ھەموو ھەوڵێکمان بۆ یەکگوتاری و یەکڕیزی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە، بۆیە رازی بووین بە نۆ کورسی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بدرێتە گۆڕان؛ بەڵام نە سوپاسیان کردین نە لەبەرچاویانە".

سیروان سیرینی، كە بە سەرۆكی لیژنەی پەروەردە هەڵبژێردراوە، راشیگەیاند "من بە دەنگ و پشتگیری تەواوی لایەنە عێراقییەکان سەرۆکی لیژنەی پەروەردەم وەرگرتووە. لەکۆی نۆ ئەندامی لیژنەکە، دەنگی هەموویانم بەدەستهێناوە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رەخنە لە یەکێتی و گۆڕان دەگرێت و دەڵێت " ھەر پۆست ھەبێت بۆ خۆیان دەیبەن، ئەگەرنا منیش قەناعتم وایە کە برایانی ئیسلامی بە تایبەت یەکگرتوو حەقی خۆیان پێنەدراوە".

بەپێی ژمارەی کورسییەکان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق پێنج سەرۆک، پێنج جێگر و پێنج بڕیاردەری لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت.

پارتی لیژنەکانی یاسا، پەروەردە و ھەرێمەکانی وەرگرتووە، یەکێتیش سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەرگرتووە. تاوەکو ئێستاش چارەنووسی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ یەکلانەبووەتەوە کە پشکی کوردە. ھەروەھا رۆژی 24-8-2016 تاڤگە ئەحمەد میرزا، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی ھەڵبژێردرا کە پۆستەکە ھی لیستی دەوڵەتی یاسا بوو.

تاڤگە ئەحمەد میرزا پەرلەمانتاری سەربەخۆی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ ئەو لیژنەیەی وەرگرتووە نەک وەکو کورد و گۆڕان.

رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا لیژنەی حەوت کەسی بە سەرۆکایەتی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دروستکرا بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و تاڕادەیەکی باش پرۆسەکە سەرکەتوو بوو، بەڵام ئەمجارە پەرلەمانتارێکی پارتی لە لیژنەی ھەرێمەکان خۆی بەرامبەر پەرلەمانتارێکی گۆڕان کاندید کردووە، ئەوەش وایکردووە تەوافوق و ھاوسەنگی نەمێنێت.

رێبوار تەھا گوتیشی "ھەندێک لە پەرلەمانتارانی پارتی ئەم ھەڵوێستەیان پێناخۆش بوو بەڵام ئەو کەسە لە خۆڕا ئەو کارەی نەکردووە بێگومان پرسی بە سەرووی خۆی کردووە، ئێمە لە ھەوڵداین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".

کۆمەڵی ئیسلامی، کە خاوەنی سێ‌ کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆکی فراکسیۆنەکە بە بڕیاردەی لیژنەی دارایی ھەڵبژێردرا، یەکگرتووی ئیسلامیش بە چوار کورسییەوە ھیچ پۆستێکی لە سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقی وەرنەگرتووە.

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رەخنەی تووندی لە پەراوێزخستنی فراکسیۆنەکە لە دوو ساڵی رابردوو دەگرێت و دەڵێت "ئێمە لە پەرلەمانی عێراق بە پێی ژمارەی کورسییەکانمان 11 خاڵمان ھەیە، لە کاتێک بۆ سەرۆک لیژنەیەک 10 خاڵی پێویستە".



رووداو-
Top