سوپای عێراق دوو پەیام بۆ دانیشتووانی مووسڵ دەنێرێت

 سوپای عێراق دوو پەیام بۆ دانیشتووانی مووسڵ دەنێرێت
سوپای عێراق لە رێگای فڕۆکە جەنگییەکانییەوە، دوو پەیام بۆ دانیشتووانی مووسڵ دەنێرێت.

لە پەیامەکەیدا، کە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016 لە رێی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە بەسەر دانیشتووانی مووسڵدا بڵاوی کردووەتەوە، سوپای عێراق داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دوور بکەونەوە.

سوپای عێراقی هەروەها ئامۆژگاریی دانیشتووانی مووسڵ دەکات، کە لە ئەگەری دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شارەکە، مووسڵ بەجێ نەهێڵن و ئاوارەی دەرەوەی شارەکەیان نەبن.

بەهۆی شەڕی داعش، دەیان هەزار هاووڵاتیی پارێزگای نەینەوا ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و چاوەڕێش دەکرێت، لەگەڵ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، دەیان هەزار هاووڵاتیی دیکە ئاوارە بن.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.












باسنيوز
Top