ئاوارە عەرەبەكان دەگەڕێنەوە ئەنبار و فەلوجە
سەباح كەرحووت سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان لە قەزای كەرمە، رێككەوتنێك لە نێوان ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار و قایمقامێتی شارۆچكەی كەرمە 13 كیلۆمەتر رۆژهەڵاتی فەللوجە ئیمزا كراوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار باسی لەوەش كرد، بەپێی رێككەوتنەكە سێ هەزار خێزانی ئاوارە دەگەڕێندرێنەوە شوێنەكانیان لە شارۆچكەی كەرمە، چونكە ئێستە ماوەی سێ مانگ دەبێت شارۆچكەكە رزگار كراوەتەوە و سەقامگیری و ئاوەدانیشی بۆ گەڕاوەتەوە.
سەباح كەرحووت داوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا و هێزەكانی دیكەی عێراق دەكات، كە وەك هاوكاری و یارمەتی، هەموو ئاسانكارییەك بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆ شارۆچكەی كەرمە بكەن.
