سەرکردەی داعش لە گوندێکی بەغدادی کوژرا
رۆژی شەممە 20ـی ئابی 2016، سەرچاوە ئەمنییەکانی پارءێزگای ئەنبار بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە، کە ئەبو عەراب، والیی داعش لە شارەدێی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار، بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، کوژراوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بارەگایەکی داعشیان لە گوندی واسـڵییە لە باکووری شارەدێی بەغدادییە بۆردومان کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی ئەبو عەراب و ژمارەیەک چەکداری داعش.
لە مانگی حوزەیرانی 2014دا، چەکدارانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا هێنا و شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
