کوتلەکەی مالیکی داوای دەرکردنی باڵیۆزی سـعودیە دەکات

 کوتلەکەی مالیکی داوای دەرکردنی باڵیۆزی سـعودیە دەکات
کوتلەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە پەرلەمانی وڵاتەکەی داوای دەرکردنی باڵیۆزی سعودیە لە عێراق دەکات.

رۆژی سێشەممە 16ـی ئابی 2016، خەلەف عەبدولسەمەد، سەرۆکی کوتلەی حزبی دەعوە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، رایگەیاند، نامەیەکی کوتلەکەی داوەتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

خەلەف عەبدولسەمەد هەروەها رایگەیاند، کە داوایان لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە، رێکخرای توند بەرامبەر سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق بگرنە بەر و لە عێراق دەری بکەن.

بەگوتەی سەرۆکی کوتلەی دەعوە، سامر سەبهان ”زماندرێژی“ کردووە لە ئاست ”سەرکردە نیشتیمانییەکان“ی عێراقەوە و پێویستە لە عێراق دەربکرێت.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، باڵیۆزى سعودیه‌ له‌ عێراق هێرشی کردە سه‌ر نوری مالیكی و رایگەیاند، له‌ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ودا، “عێراق 70% خاكه‌كه‌ى دۆڕاند” و كه‌وته‌ ده‌ست رێکخراوی توندڕەوی داعش و هاوکات مالیکی بە “هاوپه‌یمانى داعش”، ناو ده‌برد.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنيوز
Top