فەرمانی دەستگیركردنی كوڕەكەی وەزیری بەرگریی عێراق دەردەچێت
بەپێی هەواڵێكی میدیا عێراقییەكان كە دوێنێ یەكشەممە بڵاو بووەتەوە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (فەنەر خالید عوبەیدی) كوڕی وەزیری بەرگریی عێراق و عەمید (محەمەد عەبدولحوسێن) ئەفسەری وەزارەتی بەرگری و (موهەنەد وەتوت) ئەمینداری دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەركردووە.
بەپێی زانیارییەكان دەركردنی فەرمانەكە بە پشتبەستن بەدانپیانانەكانی ئەو تۆمەتبارە دەركراوە كە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق وەكوو شایەتحاڵ بە میدیاكانی ناساندبوو لەدژی تۆمەتباركردنی سەرۆكی پەرلەمان بە گەندەڵی.
زانیارییەكان دەریدەخەن كە پاش دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلی شایەتحاڵە دەستگیركراوەكە دەركەوتووە چەندین نامە و پەیوەندی لە نێوان ناوبرا و كوڕەكەی وەزیری بەرگریو هەردوو ئەفسەرە دەستگیر كراوەكەدا هەبووە.
لەلایەكیترەوە بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی عێراق بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بكرێت لەسەر پرسی تۆمەتباركردنی سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسی دیكە بەتێوەگلان لە گەندەڵی لە دانیشتنی ڕۆژی یەكی ئەم مانگەدا.
باسنیوز
