شەست كەس لە حەویجەوە خۆیان گەیاندە کەرکووک

شەست كەس لە حەویجەوە خۆیان گەیاندە کەرکووک
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی كەركووك رایگەیاند، 60 كەس لە شارۆچکەی حەویجەی سەر بە کەرکووک لەدەست چەكدارانی داعش رایانكرد و خۆیان گەیاندە کەرکووک.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی كەركووك رایگەیاند:" 60 كەس كە ئەندامی11 خێزانن، لە شارۆچكەی حەویجە لەدەست چەكدارانی داعش رایانكرد. ئەوان لە بازگەی داقوق خۆیان گەیاندووەتە سنووری کەرکووک."

عەمید سەرحەد قادر، گوتی:"خێزانەكان كاژێر 20:00 ی ئێوارەی پێنج شەممە11-8-2016گەیشتوونەتە سنووری هەرێمی كوردستان. دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، رەوانەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن."

حەویجە شارۆچکەیەکی کەرکووکە و ناوچەیەکی گرنگە. هەرسێ پارێزگای کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەددین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە مانگی رابردوودا سوپای عێراق لە باکووری پارێزگای سەڵاحەدین لە قەزای بێجی و ناحیەی تەل باج-ەوە بەرەو ناحیەی گەیارە پێشڕەوی کردووە، بنکەی سەربازی و دەورووبەری گەیارەی کۆنترۆڵکردووەتەوە.

بە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارۆچکەی گەیارەش لە باشووری پارێزگای نەینەوا و قەزای شەرگات لە باکووری سەڵاحەدین، ئەوا بەتەواوی قەزای حەویجە دادەبڕێت و چەكدارانی داعش بەتەواوی گەمارۆ دەدرێن.





رووداو
Top