گوندەکانی خازر، ١٥٠٠ بۆمبیان لێ پووچەڵ کراوەتەوە

 گوندەکانی خازر، ١٥٠٠ بۆمبیان لێ پووچەڵ کراوەتەوە
فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك دەڵێ: ئەو ٩ گوندە تازەئازادکراوەی میحوەری خازر، ١٥٠٠ بۆمبیان لێ پووچەڵ كراوەتەوە؛ ڕێگاوبان، سەدا٩٥ـیان خاوێن كراونەتەوە.

لیوا (مەحموود كاكەیی) فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، وای بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "تیمەكانی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی هێزەكانی پشتیوانیی یەك ڕۆژانە دەردەچن و بەردەوام گوندەكان و ڕێگا سەرەكییەكان لە تەڵەمین خاوێن دەكەنەوە؛ لە سەرەتای گرتنەوەی گوندەكانی دەوروبەری خازر دەستمان بە دابەشكردنی تیمەكانی ئەندازەی سەربازی كردووە، بە هەردوو قۆڵی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری خازردا؛ تا ئێستا توانیویانە زیاتر لە ١٥٠٠ تەڵەمینی جۆراوجۆر پووچەڵ بكەنەوە؛ هەر ئا لەو حەفتەیەدا توانیومانە ٩٥ بۆمب پووچەڵ بكەینەوە."

گوتیشی: "وا دەزگای 'مین'ـیش هاتوونەتە یارمەتیمان؛ تا ئێستا توانیومانە ٧ گوند خاوێن بكەینەوە؛ هەر گوندی توولەبەند، كولەبۆر ماون، ئەو دووانەیش دەزگای مین خاوێنیان دەکاتەوە. ڕێگاوبانیش، سەدا٩٥ـی لە مین پاک کراوەتەوە؛ ڕێگاوبان زەروورە بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە."






KDP
Top