داوای دادگاییكردنی پارێزگاری پێشووی مووسڵ دەكرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/8/2016 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر، نوێنەرانی عەشایر و خەڵكی مووسڵ، ڕایانگەیاند: "پێویستە لێپرسینەوە لە گەندەڵكارانی بەرلە جەنگی داعش لە مووسڵ بە هەموو دۆسیە و بەڵگەنامەكانەوە بكرێت، كە لەلای پارێزگاری پێشووی مووسڵ بووە و ونی كردوون و دواتر لەناو براون، هەروەها بابەتی بە هەدەردانی سامانی گشتی لە مووسڵ و نەبوونی خزمەتی پێویستی ئێستای ئاوارەكانی مووسڵ لە ئەستۆی پارێزگاری پێشووی مووسڵە".
لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا، ئەسعەد سەعدی مەهدی یاساناسی دادگای مووسڵ باسی لەوە كرد كە پێویستیان بە دەسەڵات هەیە كە یاسا بۆی دیاری كردوون، بەڵام لێیان زەوت كراوە.
نوێنەرانی عەشایر و خەڵكی مووسڵ داوای ئەوەشیان كرد: "ڕۆڵی چاودێری دارایی كارا بكرێتەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بكرێت كە ملیۆنەها دۆلاری تێدا خەرج كراوە و هیچ سوودێكی بە مووسڵ و خەڵكی مووسڵ نەگەیاندووە".
باسنيوز
