ئیتڵاعاتی ئێران 36 دامەزراوەی لە عێراق هەیە
هاوپەیمانی سوننەكان ئاماژەی داوە كە ئەو دامەزراوانە كاری سیخوڕی بۆ ئێران دەكەن و بە وردی ستراتیجی ئێران لە عێراق جێبەجێ دەكەن. دووپاتی دەكاتەوە، "لە رووكەشدا بە ناوی دامەزراوەی هاوكاری عێراقییەكان هاتوونەتە وڵاتەوە، بەڵام لە راستیدا مەبەستیان كاركردنە بۆ گواستنەوەی حوكمی ویلایەتی فەقیە لە ئێرانەوە بۆ عێراق".
بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی "عیون ئەلخەلیج"، ئێران جگە لە هەوڵەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حزبە سیاسییەكانی عێراق لە رێی ئەو دامەزراوانەوە، هەوڵی تەواو دەدا بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی گەلی عێراقیش بكات، ئەمەش بە روونی بەدی دەكرێت و حكوومەتی عێراق توانای نییە بە نەرمیش ناڕەزایەتی دژی ئەو كارانەی ئێران دەرببڕێت، چونكە لە راستیدا ئێستا قاسم سولەیمانی فەرمانڕەوای راستەقینەی عێراقە، نەك حكوومەتی عێراق كە راستەوخۆ لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە.
ئەو پێگەیە ناوی ئەو دامەزراوانەی بڵاو كردووەتەوە كە ئێرانین و بە ناوی خێرخوازی و كولتووری هاتوونەتە عێراق و كار بۆ ئیتڵاعاتی ئێران دەكەن.
ناوەكان بریتین لەمانەی خوارەوە:
١- دامەزراوەی "ئیمام سوجاد"ی خێرخوازی لە كەربەلا، دامەزراوەیەكی هەواڵگرییە و بارەگەی سیخوڕەكانی ئێرانە و حەیدەر جلۆخان و فازڵ رەزا حوسێنی سەرپەرشتی دەكەن.
٢- دامەزراوەی "ئیمام مەهدی" دەكەوێتە ناوچەی "كەڕادە لە بەغدا"، راستەوخۆ پێوەستە بە فەیلەقی قودسی سووپای پاسداران و چەك و مەشق و راهێنان بۆ چەكدارانی ئێران لە عێراق دابین دەكەن و هادی عامری سەرپەرشتی دەكات.
٣- دامەزراوەی "روحوڵڵا"، بارەگاكەی لە پارێزگای میسانە و لە شاری واست و زیقاریش لقی هەیە و لە بواری كولتووری ئایینی كار دەكات، بەڵام لە راستیدا كاری هەواڵگری بۆ ئێران دەكەن.
٤- دامەزراوەی "خەتیبی ئیسلامی بۆ كاروباری كولتووری"، بارەگاكەی لە گەڕەكی عەسكەری شاری بەعقووبەیە و تەها درع سەرپەرشتی دەكات كە پێشتر پەرلەمانتار بووە و سەربە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە.
٥- دامەزراوەی "ئیمام سادق" بارەگەی لە شەقامی فەلەستینی شاری بەغدایە و عەلی خەسرەوی و میقداد ئیسلامی سەرپەرشتی دەكەن و كاری سیخوڕی دەكەن.
٦- دامەزراوەی "خانەی قورئان"، بارەگاكەی لە بەغدایە و لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لقی هەیە.
٧- دامەزراوەی "ئیمام" بۆ بەهاناوەهاتن، لقی لە سووریا و لوبنان و فەلەستین و عێراق هەیە، ئەفسەرێكی فەیلەقی قودس بەناوی مەهدی ئەسكەندەر سەرپەرشتی دەكات لەژێر پەردەی كاری مرۆیی زانیاری هەواڵگری كۆ دەكەنەوە بۆ ئیتڵاعات.
٨- دامەزراوەی "ئەوقاف"، بارەگاكەی لە بەغدایە و لە رووكەشدا ئەركیان بڵاوكردنەوەی كتێبی بانگخوازییە.
٩- دامەزراوەی پشتیوانانی "فاتیمەی زەهرا"، لە كەربەلا و نەجەف و تەواوی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست لقی هەیە.
١٠- دامەزراوەی "نور الهدی"، لە میسان بارەگەی هەیە و لە شارەكانی دیکەش لقی هەیە و مەهدی سالمی و عەلی عەمادی سەرپەرشتی هاندانی كولتووری فارسی لە عێراق دەدەن.
١١- دامەزراوەی "موزەفەر"ی رۆشنبیری، بارەگاكەی لە بەسڕایە و جاسم دەراجی سەرپەرشتی دەكات.
١٢- دامەزراوەی "خانەی تەوحید"، بارەگەی لە شەقامی فەلەستینی شاری بەغدایە و لە شارەكانی دیکەی عێراق لقی هەیە و كار دەكات بۆ یارمەتیدانی ماڵباتەكانی سەربە حزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵا و لەلایەن نووسینگەی خامەنەییەوە پارەدار دەكرێ.
١٣- دامەزراوەی پڕۆژە خێرخوازییەكان، بارەگای كەوتووەتە ناوچەی جادرییەی شاری بەغدا و عەماڕ حەكیم سەرپەرشتی دەكات.
١٤- دامەزراوەی شەهیدی میحراب، بارەگەی لە كەڕادەیە و عەماڕ حەكیم سەرپەرشتی دەكات، لە راستیدا كاری دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی بەدر و سیخوڕەكانی ئێرانە لە عێراق.
١٥- دامەزراوەی بەهاناوەچوونی بێ دایك و باوكان، ئەم دامەزراوەیە لەسەر راسپاردەی مەرجەعی شیعەكانی لوبنان محەمەد حەسەن فەزڵوڵا دامەزراوە، لقی لە وڵاتانی سووریا و لوبنان هەیە و لە ناوچەی كازمییەش لە بەغدا بوونی هەیە، مەحموود دەهلەكی سەرپەرشتی دەكات و ئەنجوومەنی نوێنەران مانگانە بە بڕی 200 ملیۆن دینار هاوكاریی دەكات.
١٦- دامەزراوەی "بەهاناوەچوونی مرۆیی" لە خانەقین، بارەگەكەی لە شارۆچكەی خانەقین، ئەركی یارمەتیدانی كوردانی فەیلییە، بەهۆی ئەوەی شارەكەیان كەوتووەتە ناوچە سنوورییەكانی ئێران، هەوڵی گۆڕینی ناسنامەیان دەدەن و رەگەزنامەی ئێرانییان پێ دەدەن بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن، عومەر خوسرەوی سەرپەرشتی دەكات.
١٧- دامەزراوەی "رەحمە" بۆ هەتیوان، بارەگەی لە ناوچەی وەزیرییەی بەغدایە و سەعاد خەفاجی سەرپەرشتی دەكات و راستەوخۆ بە نووسینگەی خامنەیی بەستراوەتەوە.
١٨- دامەزراوەی "یوم موستزەعفین" بارەگای لە نەجەفە و لقی لە پارێزگەكانی دیکە هەیە و محەمەد تەمیمی لە رێكخراوی بەدر سەرپەرشتی دەكات.
١٩- دامەزراوەی "خومەینی خێرخوازی"، بارەگەی لە كەربەلایە، لە نەجەف و شارەكانی دیکەی عێراق لقی هەیە و مەهدی ئەسكەندەری و حوسێن ئەبوحەسەن ئەنوەری و سادق محەمەد تەرەفی لە كەربەلا سەرپەرشتی دەكەن.
٢٠- دامەزراوەی "مەدینە منەوەرە"، بارەگەی لە بەغدا و بەسرا هەیە، ئەركی دابینكردنی ئاسایش و سەلامەتی سیخوڕانی ئیتڵاعاتە لە عێراق و بە وردی دەیانپارێزێت، "ئەبو ماجد موهەندیس و جەمال ئیبراهیمی" لە پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتی دەكەن.
٢١- دامەزراوەی "كەوسەر"، یەكێكە لە دامەزراوە ترسناكەكان و لەگەڵ مانگی سووری عێراقی و لێژنەی ئیمام بۆ بەهاناوەچوون هەماهەنگی تەواویان هەیە، ئەفسەرێكی فەیلەقی قودس سەرپەرشتی دەكات و ئەركی دابینكردنی چەك و كەلوپەلی سەربازیی پێویستە بۆ میلیشیاكانی شیعە لە عێراق.
٢٢- دامەزراوەی "نەخیل"، دامەزراوەیەكی حزبوڵڵایە و لقی لە عێراق كردووەتەوە و جەبار مووسەوی سەرپەرشتی دەكات، لە بەغدا و بەسڕا نوێنەرایەتییان هەیە.
٢٣- دامەزراوەی "حجە"، بارەگاكەی لە ناوچەی كازمییەیە لە بەغدا و مەجید حەمید روبێعی سەرپەرشتی دەكات، شوێنی نیشتەجێبوونی سیخوڕانی ئیتڵاعات دابین دەكات.
٢٤- دامەزراوەی "بارسیانی سەوز"، عەبدولهادی مووسەوی و نیعمەڵا تەوەكولی سەرپەرشتی دەكەن و ئەركیان كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر نەیارانی رژێمی ئێران.
٢٥- دامەزراوەی "بالان"، لە رووكەشدا بۆ كاری نەخشەسازی و ئەندازیاری هاتوونەتە عێراق، حوسێن جەلالی سەرپەرشتی دەكات.
٢٦- دامەزراوەی "خەمیس" بارەگای لە بەسڕایە، لە بواری تەكنۆلۆجیای زانیاری كار دەكات و لقی لە شارەكانی دیکە هەیە و عەبدولحەمید مەعەلە سەرۆكایەتی دەكات.
٢٧- دامەزراوەی "بەسڕای ئەندازەیی"، بارەگەی لە نەجەفە و لە دوای 2003 دامەزرا و ئەركیان كۆكردنەوەی زانیاری ورد بوو لەسەر هێزەكانی بەریتانیا لە بەسڕا و راستەوخۆ بۆ نووسینگەی فەجری ئیسلامی زانیارییەكانیان دەگواستەوە.
٢٨- دامەزراوەی "رافیدەین بۆ گەشتوگوزار"، بارەگەی لە ناوچەی سەدری بەغدایە و داغر مووسەوی سەرپەرشتی دەكات، ئەركی هاتوچۆ پێكردنی میلیشیاكانی ئێرانە.
٢٩- رێكخراوی "دایەلۆگی مرۆیی ئیسلامی"، بارەگای لە عەتیفییەی بەغدایە لە نزیك مزگەوتی براسا، جەلالەدین سەغیر سەرپەرشتی دەكات، ئەركی رفاندن و كوشتنی ئەو كەسانەیە كە دژایەتی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەن.
٣٠- دامەزراوەی "میلی" بۆ كاروباری دراو یان بانكی میلی، بارەگەی لە بەغدایە و لە رووی داراییەوە هەموو هاوكارییەكی كردەوە هەواڵگرییەكانی ئێران لە عێراق دەكات.
٣١- دامەزراوەی "حەج و زیارەتی ئێران"، لە كەربەلایە و لقی لە نەجەفیش هەیە و ئەركی گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێرانە.
٣٢- بانكی "سپە"، بارەگەی لە بەغدایە، لە نەجەف و بەسڕا لقی هەیە و كاری ساغكردنەوەی دراوە بۆ كاروباری تیرۆر و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی ئیتڵاعاتە.
٣٣- بنكی "تەعاون"ی ئیقلیمی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان، لە بەغدا، نەجەف، كەربەلا، بەسڕا و سلێمانی لقی هەیە و ئەركی ساغكردنەوەی پارە و دابینكردنی كۆمەكی دارایییە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئێران.
٣٤- كۆمپانیای "وەسام"، حەسەن رازی ساری سەرپەرشتی دەكات و ئەركی بە ئامانجكردنی دوژمنانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە عێراق.
٣٥- "دەستەی بیستن و بینینی رێكخراوی بەدر"، خاوەنی سێ كەناڵی ئاسمانی و شەش ئێزگەی رادیۆن، كاریان بڵاوكردنەوەی كولتووری ویلایەتی فەقیە و بڵاوكردنەوەی سیاسەتەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بڵاوكردنەوەی تایفییە.
٣٦- نووسینگەی "یارمەتیدانی هەژارانی شیعە لە عێراق"، بارەگەی لە كەربەلایە و نوێنەرایەتی لە نەجەف هەیە و یارمەتی دارایی بۆ هەزاران لە ماڵباتی میلیشیاكانی شیعە ئامادە دەكات.
خۆر
