بەغدا بە مەرج دان بەزانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمدا دەنێت
یاسای خوێندی باڵای ئەهلی لەعێراق، كە ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ پەسندكرا لە 58 ماددە پێكدێت.
لە ماددەی 55ی یاساكە هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق پێویستە لەسەری دانبنێت بە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای زانكۆ تایبەتەكان لەهەرێمی كوردستان، ژمارە دووی ساڵی 2013 ، ئەوەش بەرمەجێك كە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەو مەرجانەی تێدا بێت كە یاسای (خوێندنی باڵای ئەهلی) دیاری كردووە.
سامان فەتاح ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق راگەیاند "ئەو مەرجانەی یاساكە دایناوە بۆ زانكۆ ئەهلیەكان مەرجی قورس نین و ئێستا زۆربەی زانكۆكان ئەو مەرجانەیان تێدایە".
سامان فەتاح ئەوەشی خستەروو، بەشێك لە عەرەبەكان دژی ئەو ماددەیە بوون، كە حكومەتی عێراقی پابەندكردوە بەوەی دان بەزانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستاندا بنێت، بەڵام لایەنە كوردیەكان توانیویانە ماددەكە لە یاساكەدا جێگیر بكەن.
بەپێی ئەو مەرجانەی كە یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی بۆ زانكۆ ئەهلیەكانی داناوە، پێویستە هەر زانكۆیەك لە سێ كۆلێژ كەمتری تێدا نەبێت و سەنتەری لێكۆڵینەوەی تێدابێت. هەروەها یاساكە زانكۆكانی پابەندكردووە كە لەسەرەتای دامەزراندانیانەوە نۆ وانەبێژیان هەبێت و هەر كۆلێژێك حەوت وانەبێژو پەیمانگاكانیش پێویستە پێنج وانەبێژیان هەبێت.
یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی بەمەرجی ئەوەشی داناوە كە وەزارەتی خوێندی باڵاً لە توانای مرۆیی و تەكنیكی زانكۆكە دڵنیابێتەوە ئەوجا ڕێگە بە كردنەوەی بدات.
یاساكە رووبەری زەوی كۆلێژەكانیشی دیاریكردووە بەوەی نابێت، هەر كۆلێژێك رووبەرەكەی لە 7500 مەتر چوارگۆشە كەمتربێت و هەر بەشێكیش 2500 مەتر چوار گۆشە كەمتربێت.
ئەمین بەكر ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق وتی "زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان چیتر كێشەی بروانامەیان نامێنێت، چونكە وەزاەرتی خوێندنی باڵا دان بە زانكۆكاندا دەنێت و مەرجەكانیش بۆ زانكۆكان قورس نین".
رونیشیكردەوە، زۆربەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەو مەرجانەیان تێدایە كە لە یاساكەدا دیاریكراون، بۆیە هەر زانكۆیەكی ئەهلی داواكاریەك پێشكەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێرق دەكات بۆ ئەوەی دان بەبڕوانامەكانیاندا بنرێت.
یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی ساڵەكانی خوێندنی دیاریكردووە، بەوەی خوێندنیش بەكالۆریۆس دەبێت چوار ساڵ بێت و ماجستێر دووساڵ و دكتۆراش لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت، خوێندنی پەیمانگاش دووساڵ بێت.
یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی كە ئەمڕۆ لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، چەندین مەرجی بۆ زانكۆ ئەهلیەكان داناوە، شێوازی كاركردن و دەسەڵاتەكانی بەپرسانی زانكۆكان و دارایی زانكۆكان و شێوازی وەرگرتنی مۆڵەت و سزای بۆ سەرپێچیەكانیش دیاریكردووە.
خەندان-
