نەوزاد ئەدهەم: بەغدا دەیەوێت زەرەر لە کوردستان و جووتیاران بدات
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی وەرگرتنی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی کۆتاییهاتن بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، رایگەیاند "ساڵی رابردوو بڕی 912 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرابوو، لە ماوەی 82 رۆژدا، ئەمساڵ لە ماوەی 60 رۆژدا، نزیکەی 850 هەزار تۆن وەرگیراوە".
سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئەو رۆژانەی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران دیاریکراوە، نەوزاد ئەدهەم، نایشارێتەوە، کە "بەغدا بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵی ئەوە دەدات قەبارەی وەرگرتنی گەنم لە کوردستان کەمتر بکاتەوە، ئەوەبوو بە نووسراوی فەرمی رێژەی 30%یان کەمکردەوە، بە هەرشێوەیەک بێت ئەوان دەیانەوێت زەرەر لە کوردستان و جووتیاران بدەن، ئەوەش شتێکی بەڵگە نەویستە".
بەڕێوەبەری گشتی وەرگرتنی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژە بەوە دەدات " لە هەر حاڵەتێک حکومەتی ناوەندی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرت، ئەوکاتە بەدیلی دیکە هەیە، بەڵام ناکرێت حکومەتی ناوەند بەرهەمی جووتیاران وەرنەگرێت، چونکە ساڵانە لە نەفەقاتی حاکیمە، لە یاسای بودجە، ئەو بڕگەیە دادەنرێت".
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی وەرگرتنی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژە بەوەش دەدات "بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە، ئەمساڵ ترلیۆنێک و 760 ملیار دینار بۆ هەموو عێراق بۆ 2 ملیۆن و 515 هەزار تۆن گەنم دانراوە، لەو 2 ملیۆن و 515 هەزار تۆنە، تەنیا 427 هەزار تۆنیان بۆ کوردستان داناوە، لەکاتێکدا ئێمە نزیکەی 870 هەزار تۆنمان وەرگرتووە".
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لەسەر هەمان پرس رایگەیاند "ئەمساڵ لە 25-5-2016 دەست بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوە لە 25-7-2016 کۆتاییمان بەو پرۆسەیە هێنا".
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ، ئیبراهیم عەبدولحەمید، گوتی: "بەپێی دابەشبوونی فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی دەورووبەری هەولێر، بەپێی خشتەیەک بووە، کە بە مەخموور و گوێڕ و دیبەگە دەستمان پێکردو بە دێگەڵە و هەریر کۆتاییمان بەو پرۆسەیە هێنا".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەگوترێت، بەبیانوی خراپی جۆرەکەی، سایلۆی هەولێر گەنمی لە بەشێک لە جووتیاران وەرنەگرتووە، جووتیارانیش لە بازاڕ گەنمەکەیان فرۆشتووەتەوە بە بازرگانەکان، بازرگانەکانیش گەنمەکەیان بە سایلۆ داوەتەوە، ئیبراهیم عەبدولحەمید، رەتیدەکاتەوە، شتی لەو بابەتە هەبێت و دەڵێت: "بەپێی پلانی بە بازاڕکردن، کە لە بەغداوە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان گشتاندنی بۆ دەکرێت، لە هەموو تاقیگەکانی سایلۆکانی عێراق پیادە دەکرێت".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەشڵێت: "لە هەموو تاقیگەکانی عێراق هەندێک پێوەر هەیە، ئەو گەنمەی دێت پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەگەر بەپێی ئەو خەسڵەتە نەبێت کە دیاری کراوە، بێگومان رەتدەکرێتەوە".
