هەولێر.. عێراق و ئێران ڕێككەوتنی سنوورەکان نوێ دەکەنەوە

 هەولێر.. عێراق و ئێران ڕێككەوتنی سنوورەکان نوێ دەکەنەوە
هەردوو فەرماندەیی پاسەوانی سنووری سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و فەرماندەی پاسەوانی سنووری، كەرتی یەكی سەر بە حكوومەتی عێراق، پڕۆتۆكۆڵەكانی ڕێككەوتنی سنووریان نوێ كردەوە.

عەقید ئیحسان كەمال، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەرتی یەك، ڕایگەیاند: " ئەو ڕێككەوتنەی كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/7/2016ی شاری هەولێر، بریتییە لەو زنجیرە پڕۆتۆكۆڵانەی كە هەر شەش مانگ جارێك لە نێوان ئێران و عێراقدا بە مەبەستی پاراستنی سنوور لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا تازە دەكرێتەوە".

ئەم فەرماندەیە ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە هەموو سنووری عێراق دابەش كراوەتە سەر شەش كەرت، كەرتی یەك كە ناوچەكانی كوردستان دەگرێتەوە و دەچێتەوە سەر سێگۆشەی عیراق - ئێران – توركیا، لەلایەن كەرتی یەكەوە چاودێری دەكرێ و گوتیشی: "لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا ئەو سنوورانە بە ڕێككەوتن پارێزراون و هەر كێشە و گرفتێك هەبووبێت بەیەكەوە قسەمان لەسەر كردووە، بەپێی ڕێككەوتنەكەش كە شەش مانگ جارێك پێیدا دەچینەوە، جارێك لە ئێران كۆدەبینەوە جارێكیش لە عێراق كۆ دەبینەوە".

د. محەمەد فوئاد، پسپۆڕ لە سیاسەتی هاوبەشی نێوان وڵاتان، لەبارەی ئەو ڕێككەوتنانەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان عێراق و ئێران كراوە بۆ پاراستنی سنوورەكان كارێكی ئاساییە و لە نێوان هەموو وڵاتێكدا دەكرێت، بەڵام گوتی: "ئەوەی كە تێبینی لەسەر بێت لەبارەی ئەم ڕێككەوتنەوە ئەوەیە كە دەبینرێت زۆر جاران سوپاكانی ئێران هێرش دەكەنە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانە و پاسەوانەكانی سنوور كە سەر بە دەوڵەتی عێراقن هیچ كارێك ناكەن، زۆر جارانیش بە فڕۆكە و یەكەی سوپایی بچووكیش ئەو كارانە دەكرێن".

ئەو پسپۆڕە جەخت لەوەش دەكاتەوە: "ئەو ڕێككەوتنەی نێوان عێراق و ئێران هێندەی لە بەرژەوەندیی ئێران دایە وەك خاوەن دەسەڵات لە عێراق، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە".









باسنیوز
Top