عەبادی هێزێکی تایبەت لە دژی موقتەدا سەدر بەکار دەهێنێت
هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و یەکێک لە کەسایەتییە باڵاکانی مەزهەبی شیعە لە عێراق، ئامادەکاریی بۆ خۆپێشاندانێکی گەورە لەم چەند هەفتەیە لە دژی حکوومەتی عێراق دەکات.
خۆپێشاندانەکە دژی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتەکەیەتی و تێیدا موقتەدا سەدر و لایەنگرەکانی داوای ”چاکسازی و گۆڕانکاریی لە کابینەی حکوومەت“ دەکات.
بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی هەڕەشەی بۆ رێبەری رەوتیسەدر ناردووە و رایگەیاندووە، کە بە بوونی هەر چەکدارێک لە نێو خۆپێشاندانەکە، ”وەک تیرۆریست“ مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندەران دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هێزی تایبەتی عێراقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران ئامادە کردووە.
پێشتر لە کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاری 2016، لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردە و دوو جار چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا (ئەو ناوچەیەی هەموو بارەگاکانی حکوومەتی عێراقی لێیە)، دواتر جارێک دەستیان بەسەر باڵەخانەی پەرلەمان داگرت و جارێکیش دەستیان بەسەر باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیراندا گرت، کە حەیدەر عەبادی لە ترسی خۆپێشاندەران ناچار بوو بە فڕۆکەی تایبەت رابکات.
باسنیوز
