فەتلاوی: دیکتاتۆرێکی دیکە دەڕووخێت

 فەتلاوی: دیکتاتۆرێکی دیکە دەڕووخێت
سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە و پەرلەمانتاری عێراقی رایدەگەیەنێت، کە ”دیکتاتۆرێکی دیکە“ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕووخێت.

حەنان فەتلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە و پەرلەمانتاری عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هیوای ژیانێکی باشتری بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا خواستووە و رایگەیاندووە، ”نوخشە لە سەلمانیش بێت“، وەک ئاماژەیەک بۆ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە.

حەنان فەتلاوی لە پۆستەکەیدا، کە هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئەنجام دانی کودەتای سەربازی لە تورکیا کردوویەتی، بە گاڵتەوە نووسیویەتی، بەهۆی کۆتایی هاتنی ئەردۆغانەوە، ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا ”لە شاری هەولێر بۆ ماوەی 40 رۆژ پێشوازی لە ماتەمگێڕان دەکات“.

ئەو سەرکردەی شیعە پێیوایە کە سەرۆک کۆماری تورکیا ”هۆکارێکی نەهامەتییەکانی عێراقە“ و نزای کردووە هەموو ئەوانەی نەهامەتییان بۆ عێراق دەوێ، کۆتاییان بێت.

زۆرینەی سەرکردە شیعەکانی عێراق دژایەتیی هەردوو وڵاتی سعودیە و تورکیا دەکەن، بەهۆی ئەوەی دوو جەمسەری گرنگی موسڵمانانی سوننەمەزهەبن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.










باسنيوز
Top