دوای كۆدەتای توركیا حەیدەرعەبادی داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی دەکات

دوای كۆدەتای توركیا  حەیدەرعەبادی داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هەوڵدان بۆ کودەتای سەربازیی سوپای تورکیا کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و عەبادیش داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلە دەکات.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا، رایگەیاندووە، کە بە وردی لە بارودۆخ و دوایین پێشهاتەکانی تورکیا دەڕوانێت و داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەکات.



ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە سوپا و حکوومەتی تورکیا کردووە ”رێز لە بنەما دیموکراتییەکان بگرن و خوێن نەڕێژن“.



ئیبراهیم جەعفەری پێیوایە ئەو هەوڵە بۆ کودەتا کیشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە گرنگییەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.



شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.








باسنیوز
Top