سەرۆككۆمار ژمارەیەك حوكمی لەسێدارەدان پەسند دەكات

 سەرۆككۆمار ژمارەیەك حوكمی لەسێدارەدان پەسند دەكات
فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق ژمارەیەك حوكمی لەسێدارەدانی پەسند كرد كە بە تاوانی "تیرۆریستی" ترسناك سزا درابوون.

خالید شوانی، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رۆژی چوارشەممە 13-7-2016 لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی نێردراوە رایگەیاندووە " فوئاد مەعسوم ژمارەیەكی دیکەی حوكمی لەسێدارەدانی پەسند كرد، لە بارەی چەند كەیسێكەوە كە تاوانبارن بە تاوانی تێرۆریستیی ترسناك و قوربانییەكانیش هاووڵاتیی بێدیفاع بوون".

شوانی رونیكردووەتەوە كە "مەرسومە ئیمزاكراوەكان رەوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی پەیوەندیدار كراون بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو حوكمانە بەرامبەر بەوانەی تاوانبارن و دەرچوونی ئەو حوكمانە دوای توێژینەوەی دۆسییەكان بووە لەلایەن كۆمیتەیەكی تایبەتیی قانونیی كە بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە".

هەر بەپێی بەیاننامەكەی گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار، كۆمیتەكە بەردەوامە لەسەر كارەكانی بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیانەی كە ماون ئەویش دوای توێژینەوەیان لەلایەن سەرۆك كۆمار و پەسند كردنیان بە گوێرەی رێوشوێنە قانونییە پیادەكراوەكان و پێویستییەكانی بەرژەوەندیی باڵای وڵات.
Top