عەبادی بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت

 عەبادی بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت
پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕیار دراوە لەبەر تێکچوونی دۆخی ئەمنی، سەرۆکوەزیران بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەرەفات کەرەم) ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا ڕێژەی یاسایی ئەندامان تەواو بوو؛ باسی دۆخی ئەمنیی عێراق و تەقینەوەکانی ئەم دواییە کرا."

گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە لەبەر تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بۆ دیاریکردنی وەزیرێکی نوێ بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکوەزیران بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت؛ وەزیرێک بە وەکالەت دیاری کراوە و پەرلەمانیش ڕازی نییە ھیچ وەزیرێک بە وەکالەت دابنرێت.
(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە، باڵی چاکسازی لە پەرلەمان سوورە لەسەر لادانی دەستەی سەرۆکایەتی و ڕەوتی سەدریش داوا دەکات ھەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەست لەکار بکێشنەوە، دیارە ھەڵوێستیان نەگۆڕاوە و وەکو خۆیەتی.
Top