دۆخی بەغدا مەترسیدارە.. دانیشتنەكەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دواخرا

 دۆخی بەغدا مەترسیدارە.. دانیشتنەكەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دواخرا
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، دۆخی ئەمنی نێو شاری بەغدا زۆر مەترسیدارە" بەو هۆیەوە زۆربەی رێگە سەرەكییەكانی شارەكە داخراون، وەك ئەو گوتی، مەترسی خۆپیشاندانی زۆرە گەورە دەكرێت، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش چەند سه‌عاتێك دواكەوتووە".

(تارق گەردی) به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا دۆخی ئەمنی نێو شاری بەغدا زۆر مەترسیدارە، زۆربەی ئەو رێگە سەرەكیانەی دەچنەوە ناوچەی سەوز و سەدر داخراون، تەنیا یەك رێگە بۆ هاتووچۆكردن ماوەتەوە.

رێگەكان بە فەرمانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داخراون، هۆكارەكەشی وەك (گەردی) گوتی: "سەدرییەكان هەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنیان كردووە، بەو هۆیەشەوە هێزە ئەمنییەكان كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە". ئەمە جگە لەوەی مەترسی ئەنجامدانی زنجیرەیەك تەقینەوە هەیە.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەو حاڵەتەوە بۆ چەند سه‌عاتێك دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دواخراوە كه‌ بڕیاربوو پێشنیوەڕۆ دەستپێیبكات، بەڵام دانیشتنەكە بۆ سه‌عات یەكی دوای نیوەڕۆ دواخرا".












KDP
Top