جۆن كێربی: بڕیاری ناردنی هێزی ئەمەریكی بۆ پلانی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵه

جۆن كێربی: بڕیاری ناردنی هێزی ئەمەریكی بۆ پلانی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵه
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: بڕیاری ناردنی هێزی زیاتر بۆ ئه‌مریكا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادیدا بووه‌و ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر بانگهێشت‌و پشتیوانیی حكومه‌تی عیراق له‌و وڵاته‌ن‌و پلانی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن عیراقییه‌كانه‌وه‌ داده‌نرێت.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت دوێنێ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا ره‌وانه‌كردنی 560 سه‌ربازی ئه‌مریكیی بۆ پشتیوانیكردنی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵدا راگه‌یاند.

جۆن كێربی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌یدا له‌باره‌ی ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتری ئه‌مریكی بۆ پشتیوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، وتی"بڕیاری ره‌وانه‌كردنی ئه‌م هێزانه‌، به‌ راوێژ و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقدا ئه‌نجامدراوه‌".

له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای عه‌بادی ژماره‌ی هێزه‌كانی له‌ عیراقدا زیاد ده‌كات یاخود بۆچوونی خۆیه‌تی‌و پێیوایه‌ كه‌ پێویستی به‌ زیادكردنی 560 سه‌ربازه‌؟ كێربی وتی"كاره‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌و راوێژی ته‌واو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا ئه‌نجامدراوه‌. ته‌واوی هێزه‌كانمان له‌سه‌ر بانگهێشت‌و پشتیوانیی حكومه‌تی عیراق له‌و وڵاته‌ن. ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م زیادكردنه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت".

ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌دێت دوێنێ ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێكی كتوپڕ گه‌یشته‌ به‌غدا‌و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیران‌و خالید عوبێدی، وه‌زیری به‌رگری عیراق كۆبووه‌وه‌و ره‌وانه‌كردنی 560 سه‌ربازی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ پشتیوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق راگه‌یاند.

كارته‌ر له‌ به‌غداد، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری وڵاته‌كه‌یدا كۆبوویه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ره‌وانه‌ی عیراق ده‌كرێن كۆمه‌ڵێك ئه‌ركیان هه‌یه‌، له‌وانه‌ یارمه‌تیدان‌و فراوانكردنی بنكه‌ی ئاسمانیی گه‌یاره‌ به‌جۆرێك كه‌ توانای پشتیوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقی له‌ پێشڕه‌وییه‌كانیان هه‌بێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ‌و ته‌واوی ئه‌ركه‌كانیان پشتیوانین له‌و بنكه‌ ئاسمانییه‌دا.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌باره‌ی كاتی ره‌وانه‌كردنی هێزه‌كانه‌وه‌ وتی"له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، ناتوانم به‌ دیاریكراوی كاتی ره‌وانه‌كردنی ئه‌و هێزانه‌ ئاشكرا بكه‌م، به‌ڵام به‌م نزیكانه‌ رووده‌دات‌و ئه‌وان فه‌رمانی هۆشدارییان پێدراوه‌".
هاوكات وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی له‌گرنگیی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی گه‌یاره‌و بنكه‌ی سه‌ربازیی گه‌یاره‌ كرد‌و به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ له‌ ئازادكردنی موسڵ ناویبرد.

بنكه‌ی ئاسمانی گه‌یاره‌، به‌دووری‌ 60 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری شاری موسڵ، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان، بنكه‌كه‌یان له‌چه‌كدارانی‌ داعش پاككرده‌وه‌.

هێرشه‌ پچڕپچڕه‌كانی سوپای عیراق له‌باشوری پارێزگای نه‌ینه‌وا (به‌ره‌و گه‌یاره‌)‌و باكوری سه‌ڵاحه‌دین، له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كاندایه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی ئازادكردنی شاری موسڵ، كه‌ له‌مانگی 6ی ساڵی 2014وه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه‌.

جۆن كێربی، له‌باره‌ی بۆچوونی حكومه‌تی عیراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناتوانێت له‌بری حكومه‌تێكی دیكه‌ قسه‌ بكات، به‌ڵام به‌ گشتی هه‌مووان گرنگیی موسڵ ده‌زانن و ستراتیجییه‌كی عیراقی بۆ گرتنه‌وه‌و كۆنتڕۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌ ئارادایه‌، وتی"ئه‌مه‌ پلانی ئه‌وانه‌ (مه‌به‌ست لێی حكومه‌تی عیراقه‌). به‌دڵنیاییه‌وه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك پێویست پشتیوانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ پلان‌و ستراتیجی حكومه‌تی عیراقه‌، خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێن و جێبه‌جێی بكه‌ن".

كێربی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و 560 سه‌ربازه‌ی بڕیاره‌ ره‌وانه‌ی عیراق بكرێن، له‌بنكه‌ی سه‌ربازیی گه‌یاره‌دا هاوكاری لۆجیستی پێشكه‌شده‌كه‌ن‌و پشتیوانیی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی داهاتوو به‌ ئاڕاسته‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن.








خه‌ندان
Top