هەوڵێکی بەهێز بۆ لادانی ئارام شێخ محەمەد لە ئارادایە

 هەوڵێکی بەهێز بۆ لادانی ئارام شێخ محەمەد لە ئارادایە
ئەندامێکی بەرەی چاکسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دەنگ کۆ کراوەتەوە بۆ لادانی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەبێت بگۆڕدرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 11\7\2016، عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرەی چاکسازی، ڕایگەیاند: “لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەیەکی چاکسازیمان هەیە و دەیخەینە دەنگدانەوە، پێشبینی دەکەین زۆرینەی ئەندامان دەنگی لەسەر بدەن و دەبێتە کارنامە بۆ دووساڵی ئایندەی عێراق”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، پڕۆژەکە لە 25 خاڵ پێکدێت، دوای پڕۆژەکەش ئەوان سوورن لەسەر لادانی سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. گوتیشی: “لەمبارەیەوە واژوو کۆکراوەتەوە".

ئەم هەوڵانەی لادانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە کاتێک دایە کە ئارام شێخ محەمەد، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانە و بە لادانی، کێشە بۆ ئەو پشکەی کورد دروست دەبێت.











باسنیوز
Top