وەزیری بەرگریی کەنەدا سەردانی بەغدا دەکات
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 11ـی تەمموزی 2016، هارجێت ساجان، وەزیری بەرگریی کەنەدا بە سەردانێکی فەرمی بۆ تاوتوێکردنی پرسە سەربازییەکان گەیشتە بەغدا.
چاوەڕێ دەکرێت هارجێت ساجان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و خالید ئەلعوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق کۆ ببێتەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی وەزیری بەرگریی کەنەدا و بەرپرسانی عێراقی پرسی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش و دوایین پێهات و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی عێراق دەبێت.
هەر سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە عێراق.
کەنەدا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە عێراق و سووریا.
باسنيوز
