عێراق شەراکەتی ڕاستەقینەی لێ نەماوە

 عێراق شەراکەتی ڕاستەقینەی لێ نەماوە
پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، ئەم عێراقەی ئێستا شەراکەتی ڕاستەقینەی لێ نەماوە و، ئەوەشی هەیە هەر قسە و کاغەزە؛ وا بڕیارە شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و ئەو شەراکەتە بە تەواوەتی یەکلایی بکاتەوە ئاخۆ ئێمە بەشدارین یاخود نا.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (نەجیبە نەجیب) ڕاگەیاند: "مەگەر بە کاغەز، ئەگینا ئەم عێراقەی ئێستا شەراکەتی لێ نەماوە؛ ئێمەی کورد ھیچ پەیوەندییەکمان بە عێراقەوە نەماوە، بەڵام ئێمە دەگەڕێینەوە لەبەر چەند خاڵێک لەوانە دانی پشکی ھەرێم لە قەرزی نێودەوڵەتی و پارەی جووتیارانی ھەرێم، بۆیە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین، گەرنا شەراکەت لە عێراقدا نەماوە."

گوتیشی، لەبارەی چارەنووسی پەرلەمانتاران و، ئاخۆ شەراکەت ھەر بەو شێوەی ئێستا دەبێت کە ئێمە پشتگوێ خراوین، چاوەرێی چوونی شاندی کوردی بۆ بەغدا دەکەین کە بڕیارە لەو ماوەی داھاتوودا سەردانی بەغدا بکات، بۆیە چارەنووسی ئێمە و کورد پەیوەست دەبێت بە ئەنجامی ئەو سەردانە.

(نەجیب) ڕوونیشی کردەوە، ھەرکاتێک ئەو شاندە سەردانی بەغدای کرد چارەنووسی شەراکەی ڕاستەقینە یەکلایی دەبێتەوە، چونکە ناکرێت ئێمە ھەروا بێدەنگ بین.
باسی لەوەش کرد، ئێمە دەمانەوێت ھەموو کێشەیەک لەگەڵ عێراق بە دیالۆگ چارەسەر بێت، بەڵام سوودی نییە و، ماوەی چەند ساڵە دیالۆگ دەکرێت و، بەغدا بەڵێن دەدات و ھیچی جێبەجێ ناکات.
Top