داعش بیرە نەوتیەكانی گەیارەی تەقاندەوە
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سوپای عیراق راگەیاند "رێكخراوی داعش پێنج بیرە نەوتی گەیارەی تەقاندوتەوە، بەمەبەستی دروستكردنی دوكەڵ لەئاسمانی شارەكە تاوەكو رێگری بكات لەهێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگیەكانی سوپا".
بەوتەی سەرچاوەكە، لەئێستادا و لە ئەنجامی تەقاندنەوەی بیرە نەوتیەكاندا، دوكەڵێكی ڕەش بەسەر شارەكەو ناوچەكانی دەوروبەریدا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش مەودای بینینی كەمكردوەتەوە.
تەقاندنەوەی بیرە نەوتیەكان لە كاتێكدایە، دوێنی شەممە هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق بە هاوكاری فیرقەی ١٥ و لیوای ٧٢ ی سوپا، توانیان فڕۆكەخانەی گەیارە لەچەكدارانی داعش پاك بكەنەوە.
گەیارە سەر بەپارێزگای نەینەوایەو بەدووری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری موسڵو لەسەر روباری دیجلەیە.
هێرشە پچڕپچڕەكانی سوپای عیراق لەباشوری پارێزگای نەینەوا (بەرەو گەیارە)و باكوری سەڵاحەدین، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئازادكردنی شاری موسڵ، كە لەمانگی 6ی ساڵی 2014وە لەژێر دەستی داعشدایە.
كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەیارە، ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و جموجوڵی داعش لە ڕوباری دیجلە ناهێڵێت.
