موقتەدا سەدر: تاران خۆكوژەكان بۆ عێراق دەنێرێ

موقتەدا سەدر: تاران خۆكوژەكان بۆ عێراق دەنێرێ
موقتەدا سەدر نهێنییەكی گەورە لەدژی ئێران ئاشكرا دەكات.

لە درێژەی ئەو زانیارییانە باس لەوە دەکرێت کە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر حكومەتی تارانی تۆمەتبار كرد بەوەی خۆكوژەكان رەوانەی عێراق دەكات. ئاماژەی بەوەش كرد كە پێوەندی ئەو لەگەڵ ئێراندا نە باشە و نە خراپیشە.

رێبەری رەوتی سەدر دووپاتی كردەوە كە خۆپێشاندەرەكان نەچوونە ناو پەرلەمانێكی راستەقینەوە و كشانەوەی ئەو لە مانگرتنەكان بۆ ئەوە بوو تا عێراقییەكان رادەستی مالیكی نەكاتەوە.

موقتەدا سەدر لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە روونی كردەوە كە ئێران وەك وڵاتێك لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەستێوەردانی نێگەتیڤانەی لە عێراق هەیە، ئەویش لە چوارچێوەی ناردنی خۆكوژەكان، یان میلیشیاكان. گوتیشی منیش ئەوە رەت دەكەمەوە.

رێبەری رەوتی سەدر گوتیشی پێوەندی ئەو لەگەڵ ئێراندا نە باشە و نە خراپە، زۆربەی بەرپرسانی ئێران حەزیان لە هەڵویستەكانی نییە بەرانبەر بەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن و هەڵوێستێكی روونی لێ نابینن. هاوكات خۆی بەبێ تاوان لە قەڵەم دا لەوەی لایەنگرەكانی هەڵیانكوتایە سەر تەلاری پەرلەمانی عیراق و سەرۆكایەتی وەزیران.

سەدر گوتیشی داوای لە خۆپێشاندەران كردووە بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگەكان بكشێنەوە و دەستدرێژی نەكەنە سەر باڵیۆزخانەكان.

گوتیشی خۆپێشاندەران چوونە ناو تەلاری پەرلەمانەوە نەك پەرلەمانێكی راستەقینە. گومانی خۆیشی دەربڕی لەوەی كە دەسەڵاتێكی یاسادانانی راستەقینە لە عێراق هەبێت.

موقتەدا سەدر؛ وەزیرەكانی بە پاسەوان ناوبرد و داوای سازدانی خۆپێشاندانی نوێی كرد كە داوای چاكسازی سەرۆكایەتی بكات و هۆشداری دا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و گوتی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كەمێك گێچەڵی پێ كردین كاتێك لەناو خێوەتەكە مانم گرتبوو، ئەو كاتە فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەری ئەمەریكی بەسەر خێوەتەكەدا فڕی. گوتیشی ئێمەیش گیچەڵیان پێ دەكەین.

هاوكات گوتیشی زۆر جار هەوڵ دراوە تیرۆر بكرێت، لە یەكێك لەو هەوڵانەدا یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی كاروانەكەی بەركەوتووە كاتێك هاتووەتە بەغدا و لە گۆڕەپانی ئازادی وتارە بەناوبانگەكەی خوێندووەتەوە.

Top