له‌ فڕگەی گەیارەوه‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ به‌رپا ده‌كرێ

 له‌ فڕگەی گەیارەوه‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ به‌رپا ده‌كرێ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌ڵێ، کۆنترۆڵکردنی فڕگەی گەیارە ھەنگاوێکی گرینگە بۆ ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ و، لەوێیش ژوری ئۆپه‌راسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ دادەنرێت.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان حامد) راگەیاند، "ئەمڕۆ سوپای عێراق ھێرشی کردە سەر داعش لە گەیارە و، فڕگه‌كەی ئازاد كرد و زیانی زۆریشیان لە داعش دا.''

(غەزوان حامد) گوتیشی، ڕزگاركردنی فڕگەی گەیارە ھەنگاوێکی گرینگە و شوێنێکی ستراتیژییە بۆ ئازادکردنی مووسڵ، هه‌رله‌وێیشدا ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ پێك دێت.''

به‌ گوته‌ی (حامد)، لەو شەڕەدا زۆرێك لە تیرۆریستانی داعش کوژراون و ئەوانەی دیکەش رایانکردووە؛ هه‌ڵبه‌ته‌ ورەیان نه‌ماوە.
باسی لەوەش کرد، ئازادکردنی مووسڵ نزیک بووەته‌وه‌ لەبەر ئەوەی ئێستا باشووری مووسڵ له‌ شار جیا کراوەتەوە، بۆیە ھەرکاتێک پێشمەرگە دەشتی مووسڵی رزگارکرد، مووسڵ به‌ تەواوی گەرمارۆ دەدرێت و بەئاسانی رزگار دەکرێت.
Top