مەلایەکی شیعە داوای تۆڵەی کەڕادە لە هەولێر و مووسڵ دەکاتەوە
ئەیاد جەمالەدین، مەلا و سیاسەتمەداری ناسراوی شیعەکانی عێراق لە پۆستێکدا لەلاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە پێویستە بە یەکڕیزیی گەل، سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەڵامی تەقینەوەکەی بەغدا بدرێتەوە.
ئەیاد جەمالەدین لە پۆستەکەیدا، کە ژمارەیەک ئەندام و پەلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لایک و شەیریان کردووە و پشتگیریی قسەکانی دەکەن، پەیامێک بۆ عێراقییەکان دەنێرێت و رایدەگەیەنێت، کە ئەوەی عێراقییەکان دەکوژێت، ئەوەی کچانی ئیزدی دەڕفێنێت و لە بازاڕەکان دەیانفرۆشێت، فەتواکانی ئیبن تەمییە و ئەوانەن، کە پابەندی فەتواکانی ئەون.
ئەو مەلایە، کە پێشووتر پەرلەمانتاری عێراق بووە لە پارێزگای زیقار، داوا دەکات لە تۆڵەی قوربانییانی تەقینەوەکەی کەڕادە لە بەغدا، ”هەولێر لە تیرۆریستان و مووسڵ لە تیرۆر پاک بکرێتەوە“.
ئەیاد جەمالەدین داوا لە شیعەکان دەکات واز لە لەخۆدان و ماتەمگێڕان بەبۆنەی ساڵیادی کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی، ئیمامی شیعەکان بهێنن و پێیان دەڵێ، ”کەربەلا، ئیب تەیمییە و یەزیدی ئێوە لە مووسڵن“، وەک ئاماژەیەک بۆ کوشتنی سوننەکان.
ئەو مەلا و بیرمەندە شیعەیە پێیوایە دانیشتووانی هەولێر و مووسڵ ”خزمەتکاری ئینگلیزن و بەندەی هەموو هێزەکانن“، بۆیە داوا لە شیعەکان دەکات سۆز لە دڵیان دەربهێنن و ”بەهیچ شێوەیەک“ رەحمیان پێنەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 3ـی تەمموزی 2016، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بازاڕێکی گەڕەکی کەڕادە رووی دا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 120 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 168 کەسی دیکە.
رێکخراوی توندڕەوی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقاندنەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکی قەرەباڵغی گەڕەکی کەڕادە راگەیاند.
باسنيوز
