سێ گوندی رۆژئاوای مەخموور رزگار دەکرێنەوە زیاتر لە 29 چەکداری داعش کوژراون

 سێ گوندی رۆژئاوای مەخموور رزگار دەکرێنەوە  زیاتر لە 29 چەکداری داعش کوژراون
هێزەکانی سوپای عێراقی سی گوند لە رۆژئاوای شاری مەخمووری لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش رزگار دەکەنەوە.



بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 3ـی تەمموزی 2016 هێزەکانی لیوای 91ـی هەولێر و لیوای 37ـی فیرقەی 15ـی سوپای عێراق، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی داعش لە رۆژئاوای شاری مەخموور و زیاتر لە 29 چەکداری ئەو رێکخراوە کوژراون.



دوای رزگارکردنەوەی هەر سێ گوندی کەرامە، عەسرییە و مەحەل، کە کەوتوونەتە رۆژئاوای شاری مەخموور، تیمە ئەندازییەکانی سوپای عێراق هەوڵی پاککردنەوەی ناوچەکە لە بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش دەدەن.



هێزەکانی فیرقەی 15ـی سوپای عێراق وەک ئامادەکاریی بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ لە شاری مەخموور لە پارێزگای هەولێر جێگیر کراون.



چەکدارانی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنیوز
Top