هاوپەیمانان دوو سەرکردەی باڵای داعش دەکوژن یەکێکیان سەرکردایەتیی داگیرکردنی مووسڵی کردووە

 هاوپەیمانان دوو سەرکردەی باڵای داعش دەکوژن  یەکێکیان سەرکردایەتیی داگیرکردنی مووسڵی کردووە
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایدەگەیەنێت، کە دوو سەرکردەی رێکخراوی توندڕەوی داعشیان کوشتووە، کە یەکێکیان سەرکردایەتیی داگیرکردنی مووسڵی کردووە.



بەپێی بەیاننامەیەک، کە رۆژی هەینی 1ـی تەمموزی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، پیتەر کۆک، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە، کە ئەو دوو سەرکردەیەی داعش لە رۆژی 25ـی حوزەیران و بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ بارەگایەکی داعش لە مووسڵ، کوژراون.



پیتەر کۆک هەروەها رایگەیاندووە، یەکێک لە کوژراوەکان بە (بەجاری) ناسراوە، کە جێگری وەزیری شەڕی داعش بووە و سەرکردایەتیی داگیرکردنی شاری مووسڵی کردووە، ئەوەی دیکەش (حاتەم ئەلحەمدونی)، سەرکردەیەکی سەربازیی ئەو رێکخراوە بووە لە مووسڵ.



چەکدارانی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنیوز
Top