عه‌بادی‌: ده‌ستوەردانی توركیا له‌ موسڵ دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جه‌نگێكی‌ گه‌وره‌

عه‌بادی‌: ده‌ستوەردانی توركیا له‌ موسڵ دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جه‌نگێكی‌ گه‌وره‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگەیاند، ترسی راسته‌قینه‌یان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ توركیا هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی‌ شاری‌ موسڵ و ده‌ڵێت "هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی‌ توركیا له‌و شاره‌دا ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕێكی‌ گه‌وره‌".

به‌پێی‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لعیراقیه‌ی‌ نیمچه‌ فه‌رمی‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ئەمرۆ له‌ باره‌ی‌ شه‌ڕی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش رایگه‌یاندووە "داعش له‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ زیانی‌ گه‌وره‌یان پێگه‌یشتووه‌".

هێززه‌ عیراقیه‌كان له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا، زنجیره‌یه‌ك هێرشی‌ پچڕپچڕیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ باشوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ده‌ستپێكرد‌و تائێستا توانیویانه‌، ژماره‌ك گوند ئازادبكه‌ن‌و ئاماده‌كاری‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ناوچه‌كانی‌ گه‌یاره‌‌و شه‌رگات له‌هه‌مان سنوور.

عه‌بادی‌ وتیشی‌ "شه‌وی‌ رابردوو له‌ كاتی‌ تێپه‌ڕبوونیاندا‌ كاروانێكی‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش له‌ بیابانی‌ خۆرئاوا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و سه‌رجه‌میان كوژراون".

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ سوپا بۆ مه‌به‌ستی‌ پێشڕه‌وی‌ وشكانی‌ كه‌ رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌ناری‌ رووباری‌ دیجله‌ له‌ناوچه‌كه‌، چه‌ند پێگه‌یه‌كی‌ داعشی‌ له‌ گوندی‌ حاج عه‌لی‌ له‌باشوری‌ موسڵ بۆردومان كردووه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌و هێزه‌ی‌ سوپا له‌گه‌ڵ چه‌ند هێزێكی‌ تردا كه‌ له‌باشووره‌وه‌ دێن له‌ نزیك بنكه‌ی‌ ئاسمانی‌ گه‌یاره‌ یه‌ك بگرن. بەپێی سەرچاوەیەكی سەربازی بۆ رۆیتەرز.

به‌رپرسانی‌ سه‌ربازی‌ ده‌ڵێن هێزه‌ عیراقییه‌كان 45 كیلۆمه‌تریان ماوه‌ بگه‌نه‌ بنكه‌ی‌ ئاسمانی‌ گه‌یاره‌ و پێده‌چێت له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی‌ ئاینده‌دا، پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ نزیك گه‌یاره‌ كۆنترۆڵبكه‌ن كه‌ رۆژانه‌ توانای‌ پاڵاوتنی‌ 16 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌یه‌‌و به‌كۆنترۆڵكردنی‌، گورزێكی‌ كاریگه‌ر له‌ لایه‌نی‌ دارایی‌ داعش ده‌وه‌شێنرێت.

جموجۆڵه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق له‌باشوری‌ نه‌ینه‌وا، له‌چوارچێوه‌ی‌ چڕكردنه‌وه‌ی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ به‌رفراواندایه‌، بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ-ی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگاكه‌ كه‌ له‌مانگی‌ شه‌شی‌ ساڵی‌ 2014وه‌ كه‌ووتووه‌ته‌ ده‌ستی‌ داعش.

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق هۆشداری‌ ده‌دات له‌ تەماحی توركیا له‌ شاری‌ موسڵ و وتی "گومانی‌ گه‌وره‌مان له‌ ته‌ماحه‌كانی‌ توركیا هه‌یه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێك له‌ كاروباری‌ ئه‌و شاره‌دا له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگێكی‌ گه‌وره‌".

ئاشكراشیكرد، پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵیان گۆڕیوە، دوای لێدوانی هەندێك پەرلەمانتار لەبارەی پلانەكەوە.

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە كابینەی حكومەت كە بەهۆیەوە چەند مانگێكە رەوشی سیاسی عیراق ئاڵۆز بووە، عه‌بادی‌ ئاشكرایكرد كه‌، سوور نیه‌ له‌ سه‌ر گۆرانكاری له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت "ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستادا به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ بریتین له‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ و چارەسەركردنی قه‌یرانی‌ دارایی".

ئەوە لەكاتێكدایە عەبادی لە26 ی نیسانی رابردووداو پاش راگەیاندنی پلانی چاكسازی وەزاری، لە داینشتنێكی پەرلەماندا كە دادگای فیدراڵی دوێنێ هەڵیوەشاندنەوە بەپاساوی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، گۆڕانكاری لە پێنج وەزارەتدا كرد.

لەبارەی موچەی فەرمانبەرانیشەوە عەبادی رایگەیاند، هیچ نیازێكیان نییه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و دامه‌زراندنی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ نوێ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ بانكه‌كان و كارێكی‌ یاساییه‌.
Top