نووسەران و چالاکانی مەدەنی: یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێ لە ڕێگەی بەغداوە پێگەی هەرێم لاواز بکەن

 نووسەران و چالاکانی مەدەنی: یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێ لە ڕێگەی بەغداوە پێگەی هەرێم لاواز بکەن
چاودێر و نووسەر و چالاكان دەڵێن لە سەردان و لێدوانەكانی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا دیسان چەند هەنگاوێك گەڕاینەوە دواوە؛ تا کەی یاری بە چارەنووسی میللەتی كوردەوە بكرێت؛ بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گرێدراوی خەونی هیچ حزبێك نییە بەڵكو خواستی گەلی كوردە. دەیشڵێن " ئەو سەردانەی شاندی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا هەنگاوێکە بەرەو دووئیدارەیی."

شاندێكی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەو چەند ڕۆژەدا سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ نووری مالیكی و چەند بەرپرسە عێراقییەکی تردا كۆ بوونەوە و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە مێدیاکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە لە دیدارەکەدا باسی پەکخستنی سەربەخۆیی و پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و لکاندنەوەی هەرێم و عێراقیان كردووە. هەروەك بە نوری مالیكییان ڕاگەیاندبوو دژی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمن و لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان، پێوەست بەم پرسە، نووسەر (د. ئاراس عەبدولكەریم) ڕاگەیاند: "رێكخستنی پەیوەندی لە نێوان هەرێم و بەغدا بەدامەزراوەییە و دەبێ لە ڕێگای حكوومەتەوە بێت. بەڵام كە یەكێتی و گۆڕان هەڵساون و چوونە بەغدا و خۆیان لێ کردنە دەمڕاستی حکوومەت یان گەلی كورد، ئەوە وەهم و ساوێرێک بوو؛ چونكە زەحمەتە لەوێیش بە جدی لێیان وەرگیرابێت."

ئەو نووسەرە ڕوونیشی كردەوە: "ئەم دوو لایەنە وایان داناوە كە كارتێكیان بەرانبەر بە پارتی بەكار هێناوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان كارتێك بە بەغدا دەدەن دژبە پێگەی هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی، چونكە جیاكردنەوەی ئیرادە، لاوازكرنی پێگەی هەرێمە لە بەرانبەر بەغدا و، زۆر خەتەرناكە؛ هەنگاوێکە بەرەوە دووئیدارەیی. ئەوانەیشی پشتگیری هەڵویستەكانی ئەوانیان كردووە نووری مالیكی و هادی عامری و حەنان فەتلاوی و، لەو چەشنە دژەکوردانەن."

گوتیشی: "بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گرێدراوی ڕوئیای هیچ حزبێك نییە بە قەد ئەوەی كە مافێكی ڕەوا و خواستێكی نیشتمانیی گەلی كوردە و چەندین ساڵە قوربانیی بۆ دەددرێت. بۆیە بابەتی سەربەخۆیی لەلای خەڵكی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە. من زۆر لام سەیرە كە دوو لایەنی كوردستانی زات بكەن ئەم هێڵە سوورە ببەزێنن؛ پێم وایە ئەمە خۆكوشتنە."

(سیروان گەردی) چالاكوانی مەدەنی ڕاگەیاند: "چوونی شاندێكی هاوبەشی دوو لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، مەترسییەكی گەورەی سیاسییە بۆ هەرێم؛ هەرێمی كوردستان ئیستا بەرەو ڕەوش و قۆناخێكی باشتر دەڕوات و بەرەو سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم هەنگاو دەنێین، بەڵام بە لێدوان و سەردانی ئاوها دیسان چەند هەنگاوێك دەگەڕێینەوە پاشەوە."

گوتیشی: "دەبێ پارتی وەكو حزبی یەكەمی هەرێم قسە لەگەڵ ئەو دوو حزبەدا بكات و لەگەڵیاندا كۆ بێتەوە و، لێیان بپێچێتەوە بزانێ خێرە چوونە بۆ لای مالیکی!؟ تا کەینێ یاری بە چارەنووسی ئەم میللەتەوە بكرێت؟ خۆ ئەگەر یەكێتی و گۆڕان بیانەوێت گەمەی وەها بکەن، نەهامەتییەکی گەورە دەقەومێت."

ڕوونیشی كردەوە: "بە دیفاكتۆ ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی یەك كورسیش بێت ئەوە هەر هیزی یەكەمی كوردستانە، یەكێتیش هەرچەندە بەرێژەی كورسی پەرلەمان هێزی سێیەمە بەڵام بۆ هاوكێشە سیاسییەكان هەر حزبی دووەمە. ئەمری واقع باڵادەستە لە عێراقدا، بۆیە ناتوانن پارتی لە یەکەمایەتی بخەن."

(شێرزاد مامە) چاودێری سیاسی ڕاگەیاند: "چوونی شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا دوو ڕەهەندی هەیە، یەكەم ئەوەیە كە هەردوو لا وەك یەك هێز و پاكێجی سیاسی بە نیازی یەكخستنەوەی فراكسیۆنەكانیانن و بە نیازی دروستكردنی یەك وەفدی دانوستانكەرن. وەك چۆن پارتییش لە لێدوانە نافەرمییەكان ئەوەی ئاشكرا كردووە كە وەكو یەك هێز مامەڵە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دەكات و لە دابەشكردنی پۆست و پلەكانیشدا بەیەك هێز لەقەڵەمیان دەدات. لەبەر ئەوەی لە ناوخۆی هەرێمیشدا بەستەڵەكێكی سیاسی هەیە و پێنج لایەنە سەرەكییەكە ناتوانن بگەنە ڕێكەوتنێكی هاوبەش و، پەرلەمان لەكار كەوتووە؛ بۆیە هێزە سیاسییەكان پەنا دەبەن بۆ ناوەندە دیپلۆماتیکی دی، نزیكترین وڵاتیش كە لە گەڵی بدوێن عێراقە. ئەو هەوڵانەی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە و لێدوانەكانیان بە حیسابی خۆیان وەكو فشارێكە بەرانبەر بە پارتی كە ئەگەر لە هەرێم گفتوگۆ نەكرێت ئەوا دەچین لە شوێنی تر گفتوگۆ دەكەین."

شێرزاد مامە ڕایشیگەیاند: "لە ڕەهەندەكەی ترەوە ئەم سەردانەی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا و ئەو پرسانەی تاوتوێیان كردووە مەترسییەكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان و كۆدەنگی هێزەكان و ئەو خەباتە میژووییەی هەرێم، بە تەواوی شۆڕشەكانەوە بگرە تا ئەمڕۆش، چونە ئەمە بە خاڵی پاشەكشە هەژمار دەكرێت. لە پەیرەو و پرۆگرامی زۆرینەی هێز و هاوپەیمانەتیەكان ئەوە خراوەتە ڕوو كە كورد بەرەو مافی چارەی خۆنووسین هەنگاو دەنێ؛ بەشکەم ئەم هەنگاوەی یەكێتی و گۆڕان هەر بۆ زۆرهێنان بووبێ بۆ پارتی، نەک دژ بە سەربەخۆیی بن و بڵێن پێویستە هەرێم لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە."

پێوەست لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە دەرەوەی پلانی حکوومەتەوە کە وەک هەندێ زانیاری مێدیایی باسی لێوەکردووە کە یەکێتی و گۆڕان نیەتێکی وەهایان هەیە، (د. ئاراس عەبدولكەریم) گوتی: "بابەتی سەرپەرشتیكردنی سامانی هەرێمی كوردستان وەكو حزب لە قامووسی دەوڵەتداری و كاری دامەزراوەییدا جێگەی نابێتەوە. ئەمە كاری حكوومەتی هەرێم و وەزارەتە و، ئەوان سەرپەرشتیی دەكەن، نەک لایەنێكی سیاسی."

(سیروان گەردی) پێی وایە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەمێكە ڕایگەیاندووە كە ئامادەیە بۆ باسی نەوت و سیاسەت لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا كۆ ببێتەوە؛ جا ئەگەر یەكێتی و گۆڕان بیانەوێت نەوتی هەرێم بە بەرنامەیەكی جیا لە بەرنامەی حكوومەت بفرۆشن یاخود نەوتی سنووری سەوز بە شێوەیەكی تر بفرۆشن ئەمە بابەتێكی مەترسیدارە و دیارە دەیانەوێت بەرەو دووئیدارەیی هەنگاو بنێنەوە."
Top