بەغدا بەشە كارەباش لەكەركوك كەمدەكاتەوە

بەغدا بەشە كارەباش لەكەركوك كەمدەكاتەوە
یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە، بەغدا بەشە كارەبای تەواویان پێنادات‌و نزیك بەنیوەی كەمكردووەتەوە، لەوبارەیەشەوە هۆشدارییان داوەتە حكومەتی ناوەندی.

ئەوەش لەكاتێكدایە، كێشەكانی نێوان پارێزگای كەركوك‌و بەغدا تادێت بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، دوای ئەوەی لەدوو ساڵی رابردووشدا، بەشە بودجە‌و پارەی پترۆدۆلاری شارەكەی بڕی.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری راگەیاند "بڕە كارەبای شارەكە 600 مێگاواتە لەڕۆژێكدا بەڵام ئەوەی هەیە تەنیا 390 مێگاواتە، لەكاتێكدا كەركوك 600 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە‌و چەندین كێشەمان بۆ دروستبووە".

ئەوەشی ئاشكراكرد كە پارێزگاری كەركوك، لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە جەختیكردووەتەوە لەوەی، پێویستە وەزارەتی كارەبای عیراق پایەندبێت بەدابینكردنی بەشە كارەباوە.

حەمادی دەڵێت "بەهیچ شێوەیەك قایل نابین بەوەی بەشە كارەبای كەركوك كەمبكرێتەوە، گەر ئەم كارە بەردەوام بێت بژاردەی ترمان هەیە كە مافەكانمان دەپارێزێت".

بەرپرسانی پارێزگای كەركوك، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاد لەجارێك هۆشدارییان داوەتەوە بەغدا لەمامەڵەكانی بەرانبەر شارەكە، بەڵام تائێستا كێشەكان بەردەوامی هەیە.

پارێزگای كەركوك سێ هێڵی گواستنەوەی كارەبای هەیە، یەكێكیان هێڵی نیشتیمانی لەبەغداوە بۆ دەچێت، دووەمیان بەپێی رێككەوتنێك لەوەبەرهێنەرێكی كورد دەكڕدرێت‌و هێڵی سێیەمیش لەهەولێرەوە بۆی دابیندەكرێت.

ئەندازیار دانیال هەمەوەندی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك بۆ خەندان رونیكردەوە كە دوێنێ دووشەمە بەهۆی بەرزی پلەی گەرما ئەو هێڵەی لەهەولێرەوەیە لەكاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆوە مێگاواتی كەمبووەتەوە‌و لەئێوارەشدا بەگشتی وێستگەكە كوژایەوە (SHUT DOWN) بوو تاوەكو دوای كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا لەرۆژانی رابردوو نزیكەی 18 بۆ 21 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی دراوە بەهاولاتیان.
Top