ئەنجومەنی هۆزە عەرەبەکانی خورماتوو دژ بە حەشدی شەعبی دەوەستنەوە

ئەنجومەنی هۆزە عەرەبەکانی خورماتوو دژ بە حەشدی شەعبی دەوەستنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2016، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجومەنی هۆزەكانی عەرەبی خورماتوو بەیاننامەیەكیان دژ بە كردەوە چەكداراەکانی (حەشدی شەعبی) لە قەزای خورماتوو و دەوروبەری بڵاو كردەوە.

لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سائیر بەیاتی، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی عەرەبی خورماتوو بەیاننامە ناڕەزاییەكەی خوێندەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە، چەكدارەکانی حەشدی شەعبی دەستیان لە كوشتن و بڕینی خەڵكی خورماتوو و دەوروبەری هەیە بە هەموو پێكهاتەكانەوە و لە دوایەمین كردەوەشیاندا ژمارەیەك زیندانی عەرەبی سوننەیان لە شارەدێی ئامرلی سەر بە قەزای خورماتوو كوشت و بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت.

شێخ سائیر، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە، ئەو كردەوە چەپەڵانەی چەكدارانی حەشدی شەعبی شەرمەزار دەكەن كە دژ بە خەڵكی خورماتوو ئەنجامی دەدەن و ئەو چەكدارانە بۆ ئەجەندای دەرەوە كار دەكەن و چەندین جار بانگەوازیان بۆ حكوومەتی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی ڕێگا لە خراپە كارییەكانی حەشدی شەعبی بگرێت، بەڵام سوودی نەبووە و قەزاكە ژمارەیەكی زۆری مافیا و خەڵك كوژی تێدایە و هەر ئەو مافیانەن ناهێڵن ئاوارە عەرەبەكان بگەڕێنەوە بۆ شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە خورماتوو .

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا شێخ سائیر تیشكی خستە كر ئەوەی كە، پێویستە چارەسەری دۆخی خورماتوو بكرێت و رێگە لە مافیاكان بگیرێت كە بە ئارەزووی خۆیان خەڵك دەكوژن و دەڕفێنن و زیندانییەكانیشیان ئازاد بكرێت كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەبێ هۆ زیندانی كراون و ژیانی ئاسایی بۆ خورماتوو بگەڕێتەوە و بۆ ئەوەی وەك ڕابردوو برا ئاسا لەو ناوچەیە ژیان بەرینە سەر.









باسنيوز
Top