له‌كاتی هه‌ڵهاتنیان له‌حه‌ویجه دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ستداو دایكیان به‌جێما
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ خێزانێكی عه‌ره‌ب، دانیشتوی قه‌زای حه‌ویجه كه له چوار كه‌س پێكهاتبوون له‌ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتن، به‌ڵام بهرلهگهیشتنیان بۆ سنوری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دوو له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كه گیانیان له‌ده‌ستدا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری كه‌ركوك راگه‌یاند: كاتژمێر 3ی پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌رمی دوو منداڵ گه‌یه‌ندراوه‌ته هۆبه‌ی پزیشكی دادوه‌ریی نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی‌و پاش لێكۆڵینه‌وه له ته‌رمه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه هۆكاری گیان له‌ده‌ست دانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ"به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو نه‌خواردنه‌وه‌ی ئاو به‌پێی پێویست".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دواتر له‌لایه‌ن باوكیان‌و كه‌سوكاری منداڵه‌كانه‌وه كه ئاواره‌ی شاری كه‌ركوكن ته‌رمه‌كانیان براوه‌و له‌یه‌كێك لهگۆڕستانهكانی شاری كه‌ركوك نێژراون.
سه‌رچاوه‌كه له‌زاری باوكی ئه‌و منداڵانه‌وه وتیشی"دایكی منداڵه‌كان له‌رێگادا توانای رێكردنی نه‌ماوه‌و مێرده‌كه‌ی له‌ترسی كوشتنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌ناچاری به‌جێی هێشتووه‌و ته‌رمی منداڵه‌كانی گه‌یاندووه‌ته سنوری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
لایخۆیه‌وه، عه‌میدی مافپه‌روه‌ر سمكۆ مه‌حمود، وته‌بێژی ئاسایشی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه، وتی"خێزانێك له‌قه‌زای حه‌ویجه ههڵهاتوونو به‌ر له‌گه‌یشتنیان به‌سنوری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌نزیك گوندی تركهلان له‌باشور كه‌ركوك دوو منداڵیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، پاش گه‌یشتنیان به‌سنوری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌ردوو ته‌رمه‌كه ڕه‌وانه‌ی هۆبه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك كراون".
وته‌بێژه‌كه‌ی ئاسایشی كه‌ركوك وتیشی"منداڵه‌كان یه‌كێكیان كوڕه‌و ته‌مه‌نی نۆ مانگه به‌ناوی عه‌بدولره‌حمان خالید ئهحمهدو ئه‌وه‌ی دیكه‌یان كچه به‌ناوی ره‌حمه خالید ئهحمهدو ته‌مه‌نی 2 ساڵه".
حه‌ویجه گه‌وره‌ترین قه‌زای پارێزگای كه‌ركوكه‌و له 2014وه له‌ژێر ده‌ستی رێكخراوی داعشدایه، هێزهعیراقییهكان تائێستا ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زایه‌یان ده‌ستپێ نه‌كردووه.
دانیشتوانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش به‌هۆی تاوان‌و زوڵم‌و زۆری ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌وه له‌بوونی هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا له‌وناوچانه ههڵدێنو خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ناوچه‌كانی پێشمه‌رگه‌و تائێستا به‌سه‌دان خێزان له‌ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتوون.
