عەبادی داوا لەهاوڵاتیان دەكات بۆ كۆنتڕۆڵ كردنەوەی فەلوجە ئاهەنگ بگێڕن
ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی شاری فەلوجەو پاككردنەوەی لەداعش، وەكو یەكەم بەرپرسی عیراق بەسەردانێك گەیشتە قەزاكەو لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی فەلوجە وتارێكی پێشكەش كرد.
سەرۆك وەزیرانی عیراق كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقە ڕایگەیاند"ئیمە بە پشتیوانی خوا داعشمان لە مۆڵگە و حەشارگەكەیان دەرهێنا".
عەبادی تەئكیدی كردەوە بەمزوانە كۆتایی پرۆسەی ڕزگاركردنی فەلوجە ڕادەگەیەنن، ئەوەش پاش ئەوەی ٢٣ی مانگی ڕابردو حكومەتی عیراق بە فەرمی دەستپێكردنی پرۆسەكەی ڕاگەیاند.
سەرۆك وەزیرانی عیراق وتیشی"حكومەت زۆر پەرۆشە بۆ دوبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ماڵو حاڵی خۆیانو هەوڵەكانمان لەم بارەوە دەستپێدەكات".
پێش سەردانەكەی عەبادی، دەزگای دژە تیرۆری عیراق كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەلوجەی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.
سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عیراق بەخەندانی راگەیاندبوو"ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەلوجە بە پاككردنەوەی تەواوی شارەكە لەچەكدارانی داعش كۆتایی پێهات".
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەوتارەكەیدا وتیشی"هەر وەك چۆن ئەمڕۆ ئاڵای عیراقمان لە شاری فەلوجە بەرزكردەوە، بەم زوانەش دەبێت ئەو ئاڵایە لە موسڵ و حەویجە بشەكێتەوە".
كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەكەی فەلوجە، دوای كۆنترۆڵكردنی چوار ناوچە هات لە سەنتەری ئەو شارۆچكەیە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی عیراقەوە.
عەلی بەدری بەرپرسی سەنتەری هەماهەنگی سوپای عیراق پێشتر بە خەندانی ڕاگەیاند"ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی شاری یاری فەلوجەو بازاڕی مەركەزی ئەو شارۆچكەی لە چەكدارانی داعش پاك كردەوە".
وتیشی"هاوكات، هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق لە میحوەری باكوری ئەو شارە پردی (المعارك)و ناوچەی جولانیان كۆنتڕۆڵكردوە".
سەرەتای ساڵی 2014، چەكدارانی داعش كۆنترۆڵی قەزای فەلوجە-یان كرد كە سەر بە پارێزگای ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.
دوای كۆنترۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو قەزایە و رێگەی هاتنو چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كە لەناو قەزاكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.
شارۆچكەی فەلوجە بە یەكێك لە گرنگترین ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دادەنراو بەهۆی نزیكی لە بەغدای پایتەختەوە، كۆنترۆڵكردنەوەی گرنگییەكی زۆری بۆ حكومەتی حەیدەر عەبادی هەیە.
