لایەنە عێراقییەکان نایانەوێ کورد یەکڕیز بێ

لایەنە عێراقییەکان نایانەوێ کورد یەکڕیز بێ
پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لایەنە عێراقییەکان ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کورد لێک بترازێنن؛ بۆیەش خۆیان لە ھەندێک لایەنی سیاسی ھەرێم نزیک کردۆتەوە.

(ئەردەڵان نوورەدین) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "لایەنە عێراقییەکان لەو بەغدایەوە ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەدەن بەشکەم نوێنەرە کوردەکانی پەرلەمانی بەغدا لێک بترازێنن؛ لە ترسی خۆیاندا هیچ پێیان خۆش نییە کورد یەکڕیز بن."

دەیشڵێت وا ئێستا خۆیان لە ھەندێک لایەنی سیاسی نزیک دەکەنەوە و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ باش دەکەن، ھیوادارین بەوە یەکڕیزیی کورد تێک نەدەن؛ چونکە سەرەتا خۆیان زیان دەکەن دواتر خەڵکی کوردستان.

(ئەردەڵان نوورەدین) ڕوونیشی کردەوە، سەردانەکەی شاندی یەکێتی و گۆڕان بەوشێوەیە بۆ بەغدا باش نییە، بەڵام سەردانێکی حزبییە و ھیچیشیان پێ نییە تا کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بکەن؛ ھەر ھەوڵێکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت، دەبێ حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق شانی بدەنە بەر، نەک ئەم حزب و ئەو حزب.
Top