خالید عوبەیدی: 2016 ساڵی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵە

خالید عوبەیدی: 2016 ساڵی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵە
وەزیری بەرگریی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی مەخمووریان کرد و هێزە عێراقییەكانیان بەسەر كردەوە، كە لە ئامادەكاریدان بۆ هێرشكردنە سەر موسڵ.

سەردانی بەردەوامی سەرکردە و بەرپرسانی سیاسیی و سەربازیی بۆ بارەگاکەی سوپای عێراق لە مەخموور ئاماژەیەکە بۆ دەستپێکردنی هێرشی کردەیی بۆ سەر موسڵ. ئەفسەرانی فەرماندەیی ئوپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا دەڵێن، هیچ کاتێک وەک ئەم مانگە سەرقاڵی پێشوازی لە میوان نەبوون.

فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، هێرشە گەورەکە نزیکبووەتەوە و وەزیری بەرگریش هاتووە وردەکاریی و پێویستییەکانی ئەو هێرشە لە نزیکەوە ببینێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە مەخموور خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند "ئێمە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرکردە سربازییەکان گوتومانە و دەیڵێنەوە، 2016 ساڵی رزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراقە لەدەست داعش".

هاوكات سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگی رەچاوكردنی دۆخی مرۆیی لەكاتی هێرشی سەر موسڵ، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە هەمانگی و یەک رووییە نەك جیاوازییکردن".

پێشبینی دەکرێت لە گەڵ هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر موسڵ زیاتر لەیەک ملیۆن لە خەڵکی ئەو پارێزگایە ئاوارەببن، نیوەشیان روودەكەنە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لەو ئاوارانە رایگەیاندووە، پێوستی بە زیاتر لە 275 ملیۆن دۆلار هەیە.
Top