جۆزیف بایدن: دهبێت عێراق ببێته سێ ههرێم
جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لە گەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی سی بی ئێسی ئەمریكیدا باس لە دوو بابەتی گرنگ دەكات بە نسبەت كوردەوە.
بابەتی دابەشكردنی عێراق و ھەروەھا رۆڵی كورد و مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا.
بایدن لە بارەی دابەشكردنی عێراقەوە، رایگهیاند، ئەو لە ساڵی 2005 یشدا باسی لە دابەشكردنی عێراق نەكردووە، بەڵكو لە ئێستاشدا باشترین چارەسەر بە لای ئەوەوە ئەوەیە، سێ ھەرێمی فیدراڵی لە ناو عێرقدا سنووریان بۆ دیاری بكرێت و ھێزی سەربازی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و لە رووی ئابووری و دەستوریشەوە خاوەن بڕیار و سەربەست بن لە چوارچێوەی عێراقێكدا كە سەنتەرەكەی بەغدا بێت.
ههروهها دهڵێت: "ھەرێمێك بۆ كورد، لە باكوور، ھەرێمێك بۆ سوننە لە ناوەڕاست و لە بەغداوە تا بەسرەش ھەرێمێك بێت بۆ شیعەكان، ئەو كات ھێزی تایبەتی ھیچ یەك لەو ھەرێمانە ناتوانێت سنووری ھەرێمێكی دیكە ببەزێنێت، بەم جۆرە ھیچ پێكھاتەیەك ناتوانێت ستەم لە پێكھاتەیەكی دیكە بكات،چونكە ھەرگیز كورد رازی نابێت شيعە حوكمی بكات و سونەش بە ھەمان شێوە. جا بە گوێرەی ئەم پلانە عێراق ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە و ھەر سێ پێكھاتەكەش، سوننە و كورد و شیعە بە ئاسودەیی لە چوارچێوەی عێراقدا دەمێننەوە".
جێگری سهرۆكی ئهمهریكا دهڵێت: "من لەگەڵ ئەوەبووم کە سیستەمێکی فیدڕاڵی هەبێت لە عێراق کە تا ئێستاش بە باشترین چارەسەری دەبینم، ئەویش بەو شێوەیەی کە بەغدای پایتەختت هەبێت کە کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و سیاسەتەکانی دەرەوە بکات، بەڵام هەرسێ هەرێمی سوننە، کورد و شیعە هەمان دەسەڵات و ئۆتۆنۆمی هەبێت".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا و تایبەت بە ھەوڵی رزگار كردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بە تایبەت شاری موسڵ و دواتریش ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە لە دەست داعش رزگار دەكرێن، بایدن پێی وایە، ھیچ ھەوڵێك بە بێ كورد و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی سەركەوتوو نابێت،
جۆ بایدن دهشڵێت: "ئێمە پێویستە، وە ھەمیشە من خۆم كارم لە سەر ئەوە كردووە، ههماههنگی و متمانە دروست بكەم لە نێوان كورد، بەرێز بارزانی، مەبەستم سەرۆك مەسعود بارزانییە لە گەڵ بەغداد دا، ئەمە تاكە رێگای چارەسەرە و دەمانگەیەنێتە ئامانج".
جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: "تاكە چارەسەر ئەوەیە بەغدا ههماههنگی لە گەڵ بارزانیدا بكات و بە ھاوكاری وڵاتانی ھاوپەیمان دەتوانرێت زۆربەی كێشەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و بۆ جۆرە ھەم داعش لە ناو دەچێت و ھەم ئاسایش بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە".
