داعش چوار سەرکردەی باڵای خۆی لەسێدارە دەدات
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ”دادگای شەرعی“ی داعش رۆژی چوارشەممە 22ـی حوزەیرانی 2016 بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو چوار سەرکردەیەی داعشی داوە و بڕیارەکەش هەر ئەمڕۆ لە بەردەم هاووڵاتییان و چەکدارانی رێکخراوەکە لە گۆڕەپانێکی گەڕەکی مامۆستایان لە شاری مووسڵ جێبەجێکراوە.
زنیارییە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەسێدارەدانی ئەو چوار سەرکردەیەی داعش بەهۆی ئەوە بووە، کە رەتیان کردووەتەوە بچنە بەرەکانی شەڕ لە ناوچەی شەرگاتی باشووری شارەکە.
بەهۆی شکستەکانیان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانیان، بە تایبەت لە شەڕیان دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چەکدار و سەرکردەکانی داعش هەوڵی خۆدزینەوە لە چوونە بەرەکانی شەڕ دەدەن.
دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش شاری مووسل و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
