حەشدی شەعبی 60 بەندكراویان كۆمەڵكوژ كردووە

 حەشدی شەعبی 60 بەندكراویان كۆمەڵكوژ كردووە
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی نزیكەی (60) كەسی بەندكراویان لە زیندانی ئامرلی گوللەباران كردووە كە سەرجەمیان سوننە مەزهەبن و بەهۆی سووننەبوونیانەوە كۆمەڵكوژ كراون.

(ئەحمەد عەزیز شێخ لەنگەری) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی راگەیاند: " لە 17ی ئەم مانگەدا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی رۆژئاوای ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای خورماتوو و شەڕ لە نێوان ئەوان و هێزەكانی حەشدی شەعبی رووی دا، كە بەهۆیەوە فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی خورماتوو و فەرماندەی دیاری حەشدی شەعبی عەقید مستەفا حەسەن و ئەفسەرێكی دیكە و چەندین چەكداری تری حەشدی شەعبی كوژران.

بۆ تۆڵەسەندنەوە لەبەرانبەر ئەو هێرش و پەلامارەی داعش، بۆ شەوی پاشان چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ئامرلی نزیكەی (60) كەسی بەندكراویان لە زیندانی ئامرلی گوللەباران كردووە كە سەرجەمیان سوننە مەزهەبن و بەهۆی سووننەبوونیانەوە كۆمەڵكوژ كراون."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: "هەندێكیان تەرمەكانیان گەیشتۆتە دەستی خاوەنەكانیان و باقییەكەی تر لە دۆڵێکدا تەرمەكانیان فڕێ دراوە. من ناوی نزیكەی 10 لەو بەندكراوانەم لایە و كەسوكاریشیان ناوێرن بچن سۆراخی تەرمەكانیشیان بكەن."

(د.ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "ئێمە وەك و لیژنەی مافی مرۆڤ لەم بابەتە ئاگادار كراوینەتەوە و زانیاریمان پێدراوە. ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەركی خۆمان هەڵدەسین و بە زوترین كات بەدواداچوون لەسەر ئەم كەیسە دەكەین . نوێنەری خۆمان رەوانەی ناوچەكە دەكەین و راپۆرتی خۆمان بەرز دەكەینەوە."

جەختیشی كردەوە: "ئەگەر تاوانێكی وا رویدابێت ئێمە لەدژی دەوەستینەوە و داوای دادگایی كردن و سزادانی بكەرانی تاوانەكە دەكەین."
Top