سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی فەللوجە دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی فەللوجە دەکات
دوای رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی شارۆچکەکە دەکات و دەستخۆشی لە هێزە عێراقییەکان دەکات.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، رۆژی سێشەممە 21ـی حوزەیرانی 2016، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە نێو نەخۆشخانەی فەللوجە ساز کردووە و داوای کردووە رێوشوێنەکانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بگیرێتە بەر.

سەلیم جبووری هەروەها رایگەیاندووە، کە رزگارکردنەوەی فەللوجە رێگا بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵیش خۆش دەکات.

رۆژی هەینی 17ـی حوزەیرانی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رزگارکردنەوەی زۆرینەی ناوچەکانی فەللوجەی راگەیاند.
لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.

فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لەگەڵ شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.












باسنيوز
Top