" شیعەكان بە نیازن وەزارەتی حەشدی‌شەعبی دامەرزێنن! "

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان لە هەوڵدان وەزارەتی حەشدی‌شەعبی دابمەزرێنن.

(شاخاوان عەبدوڵا) ڕاگەیاند: "هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان بەردەوام هەوڵ دەدەن حەشدی‌شەعبی بکەنە دامەزراوەیەکی فەرمی. ئێستا لەهەوڵدان وەزارەتی حەشدی‌شەعبی بۆ ئەم كابینەیەی حكومەت دابمەزرێنن، چونكە دەزانن ئەگەر ئەمەیان بۆ بكرێت ئیمتیازێكی زۆری دارایی بەدەست دێنن. خۆ كاتی خۆی كە حەشدی‌شەعبی دروست كرا بەو ناوەوە خەڵكیان كۆكردەوە كە مەزار و دامەزراوەکانی شیعەكان بپارێزن لەسەر داوای مەرجەعیەت. بەڵام وا بەرەبەرە دەیکەنە شتێکی فەرمی."

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری ڕوونیشی كردەوە: "گەر بێت حەشدی‌شەعبی بکرێتە وەزارەت، كیشە هۆزهۆزانێ و شەڕەمەزەب قووڵتر دەبێتەوە.

ئەگەر ئەو هەوڵەی شیعەكان سەر بگرێ و وەزارەتی حەشدی‌شەعبی دابمەزرێنن، خۆ دەبێ وەزارەتی بەرگری عێراق هەڵوەشێندرێتەوە و وەزارەتی 'حەشدی‌وەتەنی'ـیش بۆ سوننەكان دروست بكەن؛ کەوابێ ئەو عێراقەی دایمە بۆی دەگریێن، بە دەستی خۆیان پارچەپارچەی دەکەن."

ئاشكراشی كرد: "وەختی خۆی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەی حەشدی‌شەعبیی دامەرزاند؛ سەرۆك و دەستەیشیان بۆی دیاری كرد تا بتوانن بیكەن بە بەشێك لە هێزەکانی عێراق، بەڵام ئێمە وەكو لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری هەڵمان‌وەشاندەوە و نەمانهێشت سەر بگرێت."
Top