حزبی دەعوە پشتیوانی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند
فیردەوس عەوادی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران سەر بە ئیئتلافی مالكی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە ئیئتلافەكەیان پشتیوانی لە پرۆژەی دابەشكردنی عێراق و سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق دەكات، بەڵام پاش ئەوەی عێراق لە داعش پاك دەكرێتەوە.
فیردەوس عەوادی گوتیشی بەغدا لە هەڕەشەی داعش دوورە و كار بۆ چاكتركردنی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكانی دەكات.
هەروەها گوتی هەر كە شكست بە رێكخراوی داعش دێت، پێویستە عێراق بۆ 3 قەوارەی جیاجیای شیعە و سونە و كورد دابەش بێت، بۆ ئەوەی چی دی خوێنی زۆرتر نەڕژێ و ئەم تەنگژە سیاسییەی ئێستەش چارەسەر بێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران سەر بە ئیئتیلافی مالیكی روونی كردەوە كە بێ بڕوایی و متمانە بەیەك نەكردن گەیشتووەتە ئاستێك رێ بەوە نەدات عێراقییەكان لەژێر یەك بنمیچدا بمێننەوە.
عەوادی ئاماژەی بەوەش كرد كە پاش شكستی داعش، پتر پشتیوانی لە "پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان " دەكەن.
