ئەمریکا: فەللوجە بەتەواوی نەگیراوەتەوە

 ئەمریکا: فەللوجە بەتەواوی نەگیراوەتەوە
لە یەكەم كاردانەوەدا بەرامبەر لێدوانەكەی حەیدەر عەبادی لەبارەی شەڕی فەللوجە، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند فەللوجە بەتەواوی كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 17-6-2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوای 27 رۆژ شەڕكردن، كۆنترۆڵكردنەوەی سەنتەری شارۆچكەی فەللوجەی راگەیاند.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە گوتارێكدا، كە بەبۆنەی سەركەوتنی هێزە عێراقییەكان لە فەللوجە پێشكەشی كرد، رایگەیاند هێزە ئەمنییەکان بەڵێنەکانیان بەجێهێنا و فەللوجەیان ئازادکرد.

عەبادی هەروەها گوتی "هێزە ئەمنییەکان سەنتەری شاری فەللوجەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، تەنیا چەند شوێنێك ماون و لەچەند كاژێری داهاتوودا ئەوانیش كۆنترۆڵ دەكەینەوە".

لەبەرامبەردا ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند " هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەیانتوانیوە بە تەواوی سەنتەری شاری فەللوجە کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵکو تەنيا چوونەتە نێو شارەکەوە".

عەبادی لە گوتارەكەیدا جگە لەوەی ئاماژەی بەوەدا هێزە عێراقییەكان سەرقاڵی پاككردنەوەی تەواوی فەللوجەن لە چەكدارانی داعش بۆئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بە جەختكردنەوە گوتی "موسڵ ئامانجی داهاتوومانە".

ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لە 22ی ئایاری 2016 ، رۆژی هەینی 17-6-2016، عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی فەللوجە رایگەیاند لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە 40 هەزار كەس لە فەللوجە رزگاركراون و گەیێندراونەتە عامرییە.
Top