وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نیگەرانين لەو ڕاپۆرتانەی باس لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی هەندێ هاوڵاتی سوننی فەلوجە دەکەن
مانگی ڕابردوو سوپای عیراق پرۆسەی ئازادكردنەوەی شارۆچكەی فەلوجەی/50 کیلۆمەتری بەغداری پایتەختی راگەیاند، كە لەساڵی 2014 وە لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدایە.
لە چەند ڕاپۆرتێکی جیاوازیشدا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەكدارانی -حەشدی شەعبی- یان تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی پێشێلكاری لەدژی ئەو هاولاتییە مەدەنیانەی لەفەلوجە هەڵدێن، و چەند کەسێکیشیان دانیان بەوەدانابوو لە لایەن چەکدارە عیراقییەکانەوە –تۆمەتی داعشبوون-دراوەتە پاڵیان.
مارک تۆنەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رۆژانەدا تیشکی خستە سەر دوایین زانیاری و ڕاپۆرتەکان لەسەر دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سوننەی شاری فەلوجەی عیراق و رایگەیاند: ئێمە پێشتر باسی بارودۆخی فەلوجەمان کردووە، بەڵام بە راستی وا ئەوەی کە هەندێ کەس دەستگیرکراون، ئەو ڕاپۆرتانەم نەبینیوە، بەڵام ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە فەلوجە و ناوچەکانی دەوروبەری ببنە ئامانجی ئەشکەنجە و ئازاردان و هەندێ جاریش کوشتن.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا و لەڕێی ئەو دەرچەیەی هێزە عیراقییەكان ئامادەیان كردووە، 7 هەزار هاوڵاتی لەفەلوجە هەڵاتوون و ئەو خێوەتگانەی لەدەرەوەی فەلوجە و بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەكان ئامادەكراون پڕ بوون". ئەمە نوێترین لێدوانی لیز گراندی جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراقە.
پێشتر ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیان روونکردبوویەوە کە نزیکەی 50 هەزار کەسی مەدەنی لە ناو فەلوجەدا گیریان خواردووە و لە بارودۆخێکی مەترسیداردان، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە کوشتن و ئەزیەتدانی چەند هاوڵاتییەکی مەدەنیش کردبوو لە لایەن هێزە عیراقییەکانەوە.
بە بڕوای مارک تۆنەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی کە - سەرۆک وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی پەیامی داوەتە هێزە عیراقییەکان و بە تایبەت هێزەکانی 'حەشدی شەعبی' بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتینی مەدەنی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ گرنگە - و ئەمریکاش پشتیوانی دەکات.
وتیشی: ئێمە پشتیوانی ئەو پەیامانەی عەبادی و ئەو هەنگاوانەش دەکەین، هەروەک دەبینین لە بەرپرسانی تری 'حەشدی شەعبی'ش بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لێپرسینەوەشیان لەو کەسانە کردووە کە ئەشکەنجەی خەڵکیان داوە، وەک ئێوەش دەزانن، چەند ڕاپۆرتێک هەن، لە راستیدا چەند کەسێک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە ئایا پێویستە ئێستا چی بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بارودۆخە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: بە ڕای ئێمە ئەوەی کە پێویستە ئێستا ببێتە ئامانجی سەرکردە سیاییەکانی عیراق و ئەوان بیکەن ئەوەیە کە بڕیار بدەن ناوماڵی عیراق یەکبخەن و پەرە بە تایفەگەری نەدەن، ئێمەش پاڵپشپتی حکومەتی عیراقی و بە تایبەت سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و هەوڵەکانی دەکەین لەو پێناوەدا.
كانونی دووەمی 2014 چەكدارانی تیرۆرستی داعش كۆنترۆڵی قەزای فەلوجە-یان كرد كە سەر بە پارێزی ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.
دوای كۆنترۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو قەزایە و رێگەی هاتن و چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كەلەناو قەزاكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.
فەلوجە لەفەرهەنگی زمانەوانیدا بەواتای " زەویەكی شیاو بۆ كشتوكاڵ" دێت، بەپێی ئامارێكیش كە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 2011 دا بڵاویكردەوە ژمارەی دانیشتووانی ئەو قەزایە 320 هەزار كەس بووە، زۆرینەی دانیشتووانەكەشی سەر بەهۆزی دلێم-ن .هاوكات قەزای فەلوجە بە "شاری مزگەوتەكان" ناسراوە، بەهۆی زۆری بوونی مزگەوت تیایدا كە ژمارەیان دەگاتە 550 مزگەوت.
خەندان
