برێت مەکگۆرک: رێگاکانی پەیوەندیکردنی داعش لە نێوان رەقە و موسڵ بڕاون
برێت مەکگۆرک، نوێنەری باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە میانەی پرێس کۆنفرانسێکدا کە لە کۆشکی سپی ئەمریکا بەڕێوەچوو تیشکی خستە سەر دوایی پەرەسەندندەکانی شەڕی دژی داعش و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە.
مەکگۆرک دەربارەی بارودۆخی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایگەیاند: بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی ئێمە، لە مانگی ڕابردوودا داعش لەسەدا 20ی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە ناو سوریا و لەسەدا 50ی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە عیراق لە دەستداوە.
وتیشی: داعش لە لاوازبووندایە، چونکە لە زۆربەی لاکانەوە فشاری گەورەی لەسەرە، سنورەکانی تورکای ئیتر کراوە نین بۆیان، شارە گرنگەکانی عیراقیش کە هاوسنوری ئەوان بوون ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی عیراقییەکاندان و ئەوان دەستیان پێیان ناگات، بە تایبەت تکریت، رومادی، روتبە، هەموو رێگاکانی پەیوەندی نێوان رەقە و موسڵ بڕاون.
دەربارەی ئەبوبەکر بەغدادیش، مەکگۆرک رایگەیاند: بەغدادی و سەرکردەکانی داعش لە پارێزراوی و دڵنیاییدا نین، مەترسییان هەیە بۆیەش کەم دەردەکەون، بەغدادی ماوەی ساڵێکە هیچ قسەیەکی نەکردووە، لە کاتێکدا ساڵی 2014 لە مزگەوتی گەورەی موسڵ خەلافەتی راگەیاند.
"رەقە بۆ داعش گرنگە، بڕوامان وایە تا ئێستاش زۆربەی سەرکردەکانی داعش لە رەقەدان، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی داعش لە رەقە و شوێنەکانیتر". مەکگۆرک وای وت.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەقەش مەکگۆرک وتی: ژمارەی چەکدارە عەرەبەکان بۆ شەڕی رەقە زیاتر دەکەین.
برێت مەکگۆرک لە شەڕی دژە داعشیش بۆسەر موسڵ دووا و وتی: موسڵ شارێکی ئاڵۆزە، تا ئیستاش نزیکەی ملیۆن هاوڵاتی لەو شارەدا نیشتەجێن، کە کورد و عەرەب و نەتەوەکانیترن، ئێمە دەمانەوێ و کاریش بۆ ئەوە دەکەین کە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن، هەماهەنگییان زیاتر بێت.
وتیشی: لەگەڵ حکومەتی عیراقی و هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆی بەردەوام داین سەبارەت بە چۆنەیتی بەشداریکردنی هێزەکان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا.
نوێنەری باراک ئۆباما دەربارەی ئۆپەراسیۆنی فەلوجەش رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی فەلوجە قۆناغی باشی بڕیوە، لە رەهەندە جیاوازەکانەوە چاومان لەسەر فەلوجەیە، هەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی، هەم رزگارکردنی هاوڵاتیانی سڤیل.
"وەک دیارە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئێستا لە شەڕی فەلوجەدا بەشدارن، هەندێکیان لە ژێر کاریگەری زۆری ئێراندان، ئەوەش کێشەیە،، دوێنێش لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گفتوگۆمان لەو بارەیەوە کردووە کە ئێمەش و حکومەتی عیراقیش لەو بابەتە نیگەرانین" مەکگۆرک واشی وت.
هەفتەی ڕابردوو ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندبوو کە قاسم سولەیمانی راوێژکاری ئەمنی دەوڵەتی عیراقە و بە ئاگاداری حکومەتی عیراقی هاوکاری هێزە عیراقییەکان دەکات لە شەڕی دژی داعشدا.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە لایەن هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبییەوە بۆس ەر هاوڵاتیانی فەلوجە بڵاوکردەوە کە چەندین هاوڵاتی عیراقی ئەشکەنجە دراون.
برێت مەکگۆرک لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئێمەش لەو بارەیەوە نیگەرانین، بەڵام بڕوامان وایە ئەم هێزانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عیراقیدان و ئایەتوڵا عەلی سیستانی و موقتەدا سەدریش لەو بارەیەوە هۆشداری پێویستیان داوە.
خەندان
