بەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی فەلاحات و سەبیحات دەستپێکرد

 بەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی فەلاحات و سەبیحات دەستپێکرد
سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار ئەمڕۆ شەممە ١١ی حوزەیران ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکەی دیکەی لە ڕۆژئاوای فەلوجە ڕاگەیاند .

عەقید ڕوکن ئیسماعیل مەحلاوی سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار ڕاشیگەیاند هێزەکانی فرقەی هەشتی سەر بە ئۆپەراسیۆنی ئەنبار بە هاوکاری هێزە عەشایەرەکان و بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی فەلاحات و سەبیحات دەستپێکردوە.

وتیشی " لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداریان کردووە و هێزە ئەمنیەکانیش لەو دوو ناوچەیە لە پێشڕەویدان".

ئاماژەی بەوەشکرد هێزە ئەمنیەکان بۆ هەفتەی سێهەم لە ئۆپەراسیۆنی ناوەندی فەلوجە و ناوچەکانی دەوروبەری لە پێشڕەویدان و توانیویانە ناوچەکانی هەیاکل و نەعیمە و شوهەدا لە باشووری فەلوجە کۆنتڕۆڵبکەنەوە.

ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتی گرتنەوەی ناوچەکانی سەر بەپارێزگای ئەنبار لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستیپێکردووە و بە پێی وتەی شارەزایانی سەربازی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بەخاوی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای عێراق پێشڕەویکردووە و چەند ناوچەیەکی لەدەست داعش گرتووەتەوە وەک ناحییەی سەقلاوییە.









nrt
Top